لوقمان سه‌لیم: كاری به‌رگدرووه‌كه‌شم بازاڕی نه‌ماوه‌

لوقمان سه‌لیم: كاری به‌رگدرووه‌كه‌شم بازاڕی نه‌ماوه‌

لوقمان سه‌لیم: كاری به‌رگدرووه‌كه‌شم بازاڕی نه‌ماوه‌

خێزان

هونه‌رمه‌ند لوقمان سه‌لیم هه‌رچه‌نده‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی دارای كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر كاره‌كانی هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆشی ده‌ڵێت نه‌یوستووه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانی باشبوونی دۆخی هه‌رێم بێت و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی بڵاو نه‌كاته‌وه‌، له‌م دیمانه‌یه‌شدا باس له‌ ورده‌كاریی كاره‌كانی ده‌كات.

 

-  قه‌یرانی دارایی و دۆخی هەرێم تا چه‌ند كاری كردووه‌ته‌ سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانتان؟

لوقمان سه‌لیم: بارودۆخی كوردستان و بێمووچه‌یی خه‌ڵك كاریگه‌رییه‌كی زۆر زۆری كردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م بواره‌كان و هونه‌ریش به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌و بابه‌ته ‌و ته‌نانه‌ت بڕێكی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ڕاگرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ به‌ره‌و باشتر بچێت، من بۆ خۆم ئه‌لبوومێكی نوێم بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 2 ساڵ زیاتر بوو ئاماده ‌بوو به‌ڵام هه‌ر چاوه‌ڕوان بووم بۆ ئه‌وه‌ی باش ببێت، ئه‌وه ‌بوو دۆخه‌كه‌ هه‌ر وا مایه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ بڕیارم دا ئه‌لبوومه‌ نوێیه‌كه‌م بڵاو بكه‌مه‌وه‌، به ‌هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌شه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر كاره‌كه‌ی من به‌ڵكو زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ سیدییه‌كانیان ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێ نه‌كراوه‌ له‌م دۆخه‌ی هه‌رێمدا.

- ماوه‌یه‌كی زۆر پڕۆگرامی (ڕه‌شماڵ)ت پێشكه‌ش ده‌كرد و وه‌ك بێژه‌ر كارت ده‌كرد، پلانی پڕۆگرامی نوێت نییه‌؟
لوقمان سه‌لیم: من ویستم له‌ ڕێگه‌ی پڕۆگرامی (ڕه‌شماڵ‌)ه‌وه‌ زیاتر خزمه‌تێكی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی بكه‌م و ماوه‌ی دوو ساڵیش پڕۆگرامه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ جارێ بیرم له‌ هیچ كارێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌ویش ئاماده‌كاری و بودجه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌وێت و هێنده‌ كارێكی ئاسان نییه‌ كه‌ بۆ خۆت ئاماده‌كار بیت و پێشكه‌شكاریش بیت، هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستا هیچ كارێكی نوێی ڕاگه‌یاندنم نییه‌.

- به‌ده‌ر له‌ كاری هونه‌ری، هه‌تا ئێستاش بۆ بژێوی ژیانت پشت به‌ دوكانه‌كه‌ت ده‌به‌ستیت؟
لوقمان سه‌لیم: من دوكانی به‌رگدرووی ئافره‌تانم هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م قه‌یرانه‌دا ئه‌و كاره‌ش به‌ ته‌واوه‌تی كز بووه‌ و بازاڕ نه‌ماوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئیستا كه‌متر ده‌چمه‌ دوكان و زیاتر هه‌ر سه‌رقاڵی كاره‌ هونه‌رییه‌كانمم.

- به‌ڵام ئایا ده‌توانیت له‌سه‌ر كاری هونه‌ری بژێویی ژیانت دابین بكه‌یت؟
لوقمان سه‌لیم: له‌ هه‌موو وڵاتانی دونیادا ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشمان هونه‌ر بووه‌ته‌ بزنس و هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ژی، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ كوردستان به‌و جۆره‌ نییه ‌و تازه‌ به‌ تازه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌وه‌ ئاسایی ده‌بێت گه‌ر هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ی پاره‌ په‌یدا بكات، هه‌ر بۆیه‌ منیش ئێستا له‌ ڕێگای ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی تایبه‌ت و كۆنسێرته‌وه‌ سوودێكی ئابوورییشم پێ ده‌گات كه‌ وا ده‌كات به‌رده‌وامیش بم له‌سه‌ر ڕاهێنان و كاری هونه‌ری.

- حه‌ز ده‌كه‌یت منداڵه‌كانیشت له‌ داهاتوودا ببنه‌ هونه‌رمه‌ند؟
لوقمان سه‌لیم: من 2 كوڕ و كچێكم هه‌یه ‌و هونه‌ره‌كه‌ی خۆمم خۆش ده‌وێت و دڵخۆشم به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم، هه‌ر بۆیه‌ به ‌دڵنیاییه‌وه‌ گه‌ر منداڵه‌كانیشم توانا و به‌هره‌ی هونه‌رییان هه‌بێت حه‌ز ده‌كه‌م كه‌ هه‌مان ڕێچكه‌ی من بگرنه‌ به‌ر به ‌دڵنیاییه‌وه‌، ڕێگریش نابم له‌وه‌ی كه‌ ببنه‌ هونه‌رمه‌ند، لاوه‌ند و لاوكۆی كوڕیشم هه‌رچه‌نده‌ منداڵن به‌ڵام هه‌ست به‌ ده‌نگۆشی ده‌كه‌م تێیاندا.


16/11/2017
697 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved

نوێ

نەشئەت ئەکرەم لەکوێیە؟