خۆزگە حەسەن: دەمەوێت شوو بە گورگێک بکەم

خۆزگە حەسەن: دەمەوێت شوو بە گورگێک بکەم

خۆزگە حەسەن: دەمەوێت شوو بە گورگێک بکەم

خێزان

خۆزگە حەسەن (٢٤ ساڵ) وەک یەکەم کچە فۆتۆگرافەری جەنگی ناسراوە لە باشووری کوردستان، ئەو لە کاتی شەڕی داعشدا دەچووە میحوەرەکانی جەنگ و وێنەی دەگرت، لەم دیمانەیەدا جگە لە کارەکەی باس لە کۆمەڵێک نهێنیی ژیانی خۆیشی  دەکات.

-  چۆن بوو دەستان کرد بە کاری فۆتۆگرافی؟
خۆزگە حەسەن: کاری فۆتۆگرافی حەز و خولیایەکی بەردەوام بوو لە مندا، بەڵام سەرەتا هەر وەک خولیایەکی تایبەت کاتێک شتێکی جوانم ببینیایە وێنەم دەگرت بۆ خۆم، بۆ نموونە منداڵێکم ببینیایە و بەلامەوە جوان بوایە وێنەم دەگرت، بەڵام ئەوەی کە وای لێکردم ببمە فۆتۆگرافەرێک ئەم کارە بکەم بە پیشەیەک، پێشمەرگەیەک کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو لە شەڕی داعشدا دەستێکی لە دەستدا بوو، بەڵام پاش ١٨ ڕۆژ لە لە دەستدانی دەستی گەڕابووەوە نێو هاوڕێکانی و دووبارە شەڕی دەکرد، منیش زۆر بە کەسایەتی و ئازایەتیی ئەو پێشمەرگەیە سەرسام بووم، هەر بۆیە بڕیارم دا بە وێنە چیرۆکی ئەو بگێڕمەوە و ماوەیەکی زۆر لەگەڵیدا دەچوومە بەرەکانی جەنگ و بەو هۆیەشەوە وێنەی جەنگیشم دەگرت.

- تۆ بە هۆی ئەم کارەت وەک کچە فۆتۆگرافەرێکی جەنگی ناسرایت، ئایا ترست لەو کارەت نەبوو؟
خۆزگە حەسەن: بۆ ئەو ئازایەتییە من دەبێت سوپاسی ئەو پێشمەرگەیە بکەم، کە بووە هاندانێک بۆ منیش ترسم نەبێت و بچمە سنوورەکانی جەنگ، تەنانەت چەندین جار تووشی مەترسیی گەورە بووین و دوو جار کەوتینە بەر هێرشی چەکدارانی داعش، بەڵام من ئەوەم بەلاوە ئاسایی بوو.

- تۆ دەتویست لە ڕێگەی وێنەکانتەوە چ پەیامێک بگەیەنیت؟
خۆزگە حەسەن: من ئامانجم ئەوە بوو لە ڕێگای کارەکەی خۆمەوە نەهێڵم پاڵەوانەکانی جەنگ ون ببن، ئەوەش بە گەورەترین دەستکەوتی خۆم دەزانم، لە ماوەی ڕابردووشدا پێشانگایەی تایبەتی فۆتۆگرافیم کردەوە کە تێیدا قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەم نیشان دابوو.

-  بەدەر لە کاری فۆتۆگرافی بە چی دیکەوە سەرقاڵیت؟ هەندێ زانیاریی دیکەمان لەسەر خۆت پێ بدە؟
خۆزگە حەسەن: من پەیمانگای هونەرە جوانەکانم تەواو کردووە بەشی شێوەکاری، لە ساڵی ٢٠١٢ وەک باشترین لاوی ساڵ هەڵبژێردرام، ئێستاش لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان دەخوێنم لە بەشی سینەما، هاوکات مامۆستای خوێندنگەشم، من دایکم خەڵکی مەهابادە و ڕۆژهەڵاتییە، باوکیشم خەڵکی قەلادزێیە، خۆشم لە هەولێر دەژیم و هەر لەم شارەش لە دایک بووم.

-  هیچ چیرۆکێکی خۆشەویستی لە ژیانتدا هەیە؟ مەرج چییە بۆ ئەو کەسەی دێتە ژیانتەوە؟
خۆزگە حەسەن: لە ئێستادا نەخێر، بەڵام هەرکەسێک لە داهاتوودا بێتە ژیانی منەوە دەبێت گورگ بێت! من گورگ وەک شتێکی زۆر پیرۆز و جوان دەبینم، هەرچەندە لەنێو کورددا وەک ئاژەڵێکی دڕندە و خوار ناوی دەرکردووە، بەڵام بە شەهامەتترین ئاژەڵ گورکە، ئەو هیچکات خیانەت لە مێیەکەی خۆی ناکات و دەستبەرداری خانەوادەکەی نابێت، هەر بۆیە من لۆگۆی خۆشم کە دامناوە لەسەر شێوەی گورگ و چۆلەکەیە، چونکە لە ژیانمدا گورکێکم دەوێت کە بتوانێت ئەو چۆلەکەیە بپارێزێت، زۆریش حەز دەکەم لە ماڵەوە ئاژەڵێکی گورگم هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە بەردەست نەبووە.

-  تا ئێستا ئەو گورگەت بۆ ژیانی خۆت نەدۆزیوەتەوە؟
خۆزگە حەسەن: تا ئێستا نەخێر! چونکە پێم وایە گورگبوون هێندە ئاسان نییە.

- کچبوونت نەبووه‌تە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنەکانتدا؟
خۆزگە حەسەن: بە دڵنیاییەوە ئێرە کوردستانە و شتەکان بۆ کچان وەک کوڕان بەردەست نییە، من بۆ ئەوەی بچم کارێک بکەم ناچار بووم بە هەزار ڕێگای ئەملاولاو درۆکردن لە ماڵەوە کارەکەم ئەنجام بدەم، هەرچەندە لە ئیستادا خێزانەکەم زۆر پشتگیری لە من دەکات، بەڵام خەڵک بەردەوام قسەوقسەڵۆک دەکەن و هەندێ جار ئەوە زۆر ئازاردەرە، هەرچەندە من گوێ نادەمە قسەی خەڵک، چونکە خەونی گەورەم هەیە، بۆیە ئاساییە ئاستەنگی گەورەش هەبێت، زۆر شانازی بەوەش دەکەم کە ئەوەی خۆم ویستوومە ئەنجامم داوە و قسەی ئەوانەم شکاندووە کە دەیانوت ناتوانیت پێش بکەویت.

- بۆ پارێزگاری لە جوانییەکەت و دەرکەوتنت بە جوانی چ ڕێگەیەک دەگریتە بەر؟
خۆزگە حەسەن: من هیچ وەرزش یان ماسکی سرووشتی بەکار ناهێنم و زۆر ئەو شتانەم نییە و تەنها بە چپس دەژم، چونکە زۆر زۆرم حەز پێیەتی، بەڵام بەبێ ئەوەی ماکیاژ بکەم بۆ هیچ شوێنێک ناچم، زۆرجار بۆ گاڵتە دەڵێم گەر بڵێن نیو کاتژمێری دیکە ئیزرائیل دێت و دەمریت، دەڵێم با کەمێک چاوەڕێم بکات تا ماکیاژەکەم دەکەم، ئافرەت بە جوانی و ناسکی جیا دەکرێتەوە لە پیاوان، هەر بۆیە زۆر گرنگە جوانیی خۆمان پشتگوێ نەخەین، من ئافرەت وەک گوڵێک دەبینم کە گەر ئاوی نەدەیت و گرنگی پێ نەدەیت وشک دەبێت، هەر بۆیە ئێمەش تەمەنمان هەر دەڕوات و دواتر دەموچاومان چرچ و ناشیرین دەبێت، جا بۆیە با ئێستا جوانیی خۆمان بەدیار بخەین.


18/04/2018
1937 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved

نوێ

نەشئەت ئەکرەم لەکوێیە؟