پێش بینی ئابوری ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ساڵی 2050

پێش بینی ئابوری ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ساڵی 2050


پێش بینی ئابوری ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ساڵی 2050
30/03/2017
644 جار بینراوە‌‌

عادل عه‌بدولمه‌هدی*

 

دامه‌زراوه‌ی پرایتس ڤاترهاوس کۆپرز pwc که‌ به‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کۆمپانیا داراییه‌کانی جیهان داده‌نرێت، پێش بینی خۆیی سه‌باره‌ت به‌ پێشکه‌وتنه‌کانی ئابوری جیهان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. به‌ پێی پێش بینی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌، گۆڕانکاری گه‌وره‌ له‌ ئابوری جیهانی و ئابوری وڵاتانی دیکه‌ ڕوو ده‌دات. کۆمپانیاکه‌ توێژینه‌وه‌کانی له‌ سه‌ر 32 وڵات بووه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌که‌م وڵاتانی جیهان له‌ ساڵی 2030 و 2050 بن که‌ له‌ سه‌دا 84ی وه‌به‌رهێنانی ناپه‌تی جیهانیان لا ده‌بێت. 
ئه‌م توێژینه‌وه‌ پێشکه‌وتنێکی به‌رچاو بۆ ئابوری وڵاتانی ئاسیایی به‌ تایبه‌ت چین و هیندستان پێش بینی ده‌کات و ده‌ڵێت پێشکه‌وتنی ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر پاشه‌کشه‌ی ئابوری ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا ده‌بێت. چین و هیندستان له‌ سه‌دا 18 و 7 ی وه‌به‌رهێنانی ناپه‌تی جیهانیان له‌ ساڵی 2016 هه‌بووه‌ که‌ پێش بینی ده‌کرێت ئه‌م ڕێژه‌یه‌ تا ساڵی 2050 بگاته‌ له‌ سه‌دا 20 و 15. له‌ به‌رامبه‌ردا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا که‌ له‌ ساڵی 2016 له‌ سه‌دا 16 و 15ی وه‌به‌رهێنانی ناپه‌تی جیهانیان هه‌بووه‌، پشکیان به‌ره‌و دابه‌زین بڕوات و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بگاته‌ له‌ سه‌دا 12 و 9 له‌ ساڵی 2050.
پێگه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا وه‌ک گه‌وره‌ترین ئابوری جیهان که‌ تا ساڵی 2016 له‌ پله‌ی یه‌که‌می جیهاندا بووه‌ له‌ ساڵی 2030 بۆ پله‌ی دووه‌می جیهان داده‌به‌زێت و چین شوێنی ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مریکا تا ساڵی 2050 ته‌نانه‌ت له‌ پاش چین و هیندستانه‌وه‌ ده‌بێت.
له‌ ئه‌ورووپا، ڕووسیا له‌ پێشه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌م کیشوه‌ره‌وه‌ ده‌بێت و پێگه‌ی شه‌شه‌می جیهانی ده‌بێت. پێگه‌ی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، فه‌رانسه‌، ئیتالیا، ئیسپانیا، پۆڵۆنیا و هۆڵه‌ندا که‌ له‌ ساڵی 2016 له‌ پله‌ی پێنجه‌م، نۆیه‌م، دوانزه‌یه‌م، شانزه‌یه‌م، بیست و سێهه‌م و بیست و شه‌شه‌م بووه‌ بۆ پله‌کانی نۆیه‌م، ده‌یه‌م، دوانزه‌یه‌م، بیست و یه‌که‌م، بیست و شه‌شه‌م،  سییه‌م و سی و دووه‌م تا ساڵی 2050 داده‌به‌زێت.
له‌ ئاسیا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ وڵاتان به‌ره‌و پێشکه‌وتن ده‌ڕۆن، ئه‌ندونیزیا تا ساڵی 2030 پله‌ی پێنجه‌م و تا ساڵی 2050 پله‌ی چواره‌می ده‌بێت. وڵاتانی تورکیا، سه‌عوودیا، پاکستان، ئێران، فیلیپین، ڤێتنام، به‌نگلادیش، مالیزیا و تایله‌ند له‌ پله‌کانی یانزه‌یه‌م، سێزده‌یه‌م، شانزه‌یه‌م، حه‌فده‌یه‌م، نۆزده‌یه‌م، بیسته‌م، بیست و سێهه‌م، بیست و چواره‌م و بیست و پێنجه‌م تا ساڵی 2050 ده‌بن. له‌ به‌رامبه‌ردا ژاپۆن و کۆریای باشور که‌ له‌ ساڵی 2016 پله‌کانی چواره‌م و سێزده‌یه‌م بوون له‌ ساڵی 2050 له‌ پله‌کانی هه‌شته‌م و چوارده‌یه‌م ده‌بینرێن.
له‌ ئه‌مریکای لاتین، وڵاتانی برازیل و مه‌کزیک و ئه‌رژه‌نتین و کۆڵۆمبیا له‌ ساڵی 2050 له‌ پله‌کانی پێنجه‌م، حه‌وته‌م، بیست و نۆیه‌م و سی و یه‌که‌می جیهان ده‌بن.
له‌ ئه‌فریقا، وڵاتانی نایجڕیا، میسر و ئه‌فریقای باشور تا ساڵی 2050 ده‌گه‌نه‌ پله‌کانی چوارده‌یه‌م، پانزه‌یه‌م و بیست و حه‌وته‌م.
پێگه‌ی ئۆسترالیا که‌ له‌ ساڵی 2016 له‌ پله‌ی نۆزده‌یه‌م بووه‌، بۆ پله‌ی بیست و سێهه‌م له‌ ساڵی 2030 و بیست و هه‌شته‌م له‌ ساڵی 2050 داده‌به‌زێت.
هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ جیهان له‌ ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی داهاتوو شۆڕشێکی گه‌وره‌ی ئابوری به‌ خۆوه‌ ده‌بینێت. زیاترین گۆڕانکاریش که‌ له‌ سه‌ده‌کانی ڕابردوو له‌ ئه‌مریکای باکور و ئه‌ورووپا بووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاسیا و وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین ده‌گوازرێته‌وه‌. گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ ئه‌م شۆڕشه‌ به‌ ته‌نیا له‌ بواری ئابوریدا نابێت به‌ڵکوو بواره‌کانی سیاسی، سه‌ربازی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه‌، زانست، ڕۆشنبیری، شارستانیه‌ت، ته‌کنۆلۆژیا و بواره‌کانی دیکه‌ش له‌ خۆ ده‌گرێت.
* وه‌زیری پێشووی نه‌وتی عێراق/سه‌رچاوه‌: دیپلۆماسی ئێرانی

 وه‌رگێڕان: ئیدریس سلێمانی / جام کوردی

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved