بەرەیەک بەرامبەر پارتی و یەکێتی

بەرەیەک بەرامبەر پارتی و یەکێتی


بەرەیەک بەرامبەر پارتی و یەکێتی
24/05/2018
208 جار بینراوە‌‌

بێستوون فایەق

خەڵک-

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پارلەمانی کوردستان کە بڕیارە کۆتای مانگی نۆ بەڕێوە بچێت تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و جیاوازە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی لەلایەک و هێزە دەنگ دزراوەکان لە لایەکی تر.

خەڵکی کوردستان لەم دۆخەی دوای دزین و ئاڵوگۆڕی دەنگەکانیاندا پێویستیان بە گەڕانەوەی متمانەو ئومێدە بۆ ئەوەی چوار مانگ دوای هەڵبژاردنێکی ساختە جارێکی تر متمانەیان بۆ دەنگدان وهەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانی بگەڕێتەوە ، نا ئومێدی ئێستای دەنگدەری کوردی دوای ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و دەست گەیشتنی پارتی و یەکێتی بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی ژماردنی دەنگەکان لە ئاستێکدایە کە بڕوا بون بە خەباتی پارلەمانی و هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاری لاواز بوەو بەشێک لە خەڵک هەڵبژاردن بە رێگەی راست و گەیشتن بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نابینن کە ئەمە مەبەست و ئامانجی یەکێتی و پارتییە.

لەم دۆخە پڕ لە نائومێدیەی خەڵکی کوردستان و دوای ئەو تەزویرە وردو بە بەرنامەیەی ساختەچیەکانی یەکێتی و پارتی ، لە دوای 27 ساڵ حوکمی خراپ و نادروست ، دروست کردنی بەرەیەک بەرامبەر یەکێتی وپارتی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە هێزە دەنگدزراوەکان لە هەموو کات گرنگترە و یەکێکە لە پێویستیەکانی قۆناغەکە و دەنگە ساختە کراوەکان ئەمانەت و متمانەی خەڵکەو لە گەردنی ئەو هێزانەدایە کە لە بنەڕەتدا و پێش تزویر دەنگدەر دەنگەکەی پی داوە.

بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی وهاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە دوای دزینی دەنگەکانیان زۆر لە یەک نزیکن بەرەیەک بەرامبەر یەکێتی و پارتی پێک بهێنن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەکدا بەشداری هەڵبژاردن بکەن (ئەم بەرەیە کراوە بێ بۆ لایەن و پێکهاتەکانی تری کوردستان).

بەرەی بەرامبەر پارتی و یەکێتی ئامانجەکەی دەبێتە کۆتایی هینان بە 27 ساڵ دەسەڵات و فەرمانڕەوای خراپی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بە دەست هێنانی پەنجا کۆ یەکی کورسیەکانی پارلەمان دواتر پێکهێانی کابینەیەکی نوێ و جیاواز دور لە پارتی و یەکێتی ، بە سەرنج دان لە دەنگ و سەنگی یەکێتی و پارتی و بە گەڕانەوە بۆ دەسەلاتی خراپیان ، بی دوو دڵی لە هەلبژاردنێکی پاک و بێ ساختەدا ئەم هێزانە دەدۆرین چونکە خەڵکی کوردستان دەمێکە پارتی و یەکێتیان سزا داوە ، لە دوای سالی 2009 و دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە یەکێتی و پارتی تەزویر و هەڕەشەو سزادان نەبوایە هیچ کات کورسی و دەنگی پێکهان و بەڕێوە بردنی حکومەتیان نەبوە.

دروست کردنی ئەم بەرەیەو بەشداری و پشتیوانی خەڵک دواین ئومێدە بۆ هەڵبژاردن و پارلەمان وەک رێگە راستەکەی گۆڕانکاری.

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved