پارتی هەڵوێستی لەسەر هەژماركردنی دەنگەكان ڕاگەیاند

پارتی هەڵوێستی لەسەر هەژماركردنی دەنگەكان ڕاگەیاند

پارتی هەڵوێستی لەسەر هەژماركردنی دەنگەكان ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەسەر هەژماركردنی دەنگەكان بە دەست بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

دەقی راگەیەندراوەكە:

دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمیی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند كە لە دەرئەنجامەكان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.

ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەكی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەكان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

شایەنی باسە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین..

هەروەها لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆزنەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژێ.
          

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
۳٠ـی٥ـی۲٠۱۸

30/05/2018
7075 جار بینراوە‌‌

بابەتی پەیوەندیدار



Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved