شاندەكانی یەكێتی و پارتی لەبری داواكردنی بودجە و پارەی گەنمی جوتیاران و نەوت داوای پۆست لە بەغدا دەكەن

شاندەكانی یەكێتی و پارتی لەبری داواكردنی بودجە و پارەی گەنمی جوتیاران و نەوت داوای پۆست لە بەغدا دەكەن

شاندەكانی یەكێتی  و پارتی لەبری داواكردنی بودجە و پارەی گەنمی جوتیاران و نەوت داوای پۆست  لە بەغدا دەكەن

خەڵك-بەشی هەواڵ
شاندەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ پێكهێنانی حكومەت چوونە بەغدا، تەنها خەمیان پۆستە گەورەكانی بەغدایە بۆ بەرپرسەكانیان، لەبری داواكردنی بودجە و نەوت و پارەی گەنمی جوتیاران.

لە ماوەی پازدە ساڵی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دێموكراسی و دادپەوەری و كۆمەڵی ئیسلامی پۆستی جیاجیان لە بەغدا هەبووە، بەڵام ئەم پۆستانە جگە لە سودی كەسی و حزبی هیچ سوودێكی گشتی بۆ خەڵكی كوردستان نەبووە.

تەنانەت لەو كاتەی وەزیری دارایی كورد بوو "هۆشیار زێباری" كە بەهۆی گەندەڵییەوە دوورخرایەوە، سەدان ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەستی بەسەرداگیرا و تاكو ئێستاش زۆرتر لە 500 ملیار دینار لای حكومەتی عێراقەو نایدات، هەروەها بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا و نەوتی سپی و بەنزینیش رەوانەی هەرێم ناكرێت.

لە ماوەی رابردوودا جیا لەوەی كورد لە هەموو خولەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی حكومیشدا رێژەی خۆی هەبووە و كۆمەڵێك نوێنەرو  بەرپرس لەوێ بوون، لە حكومەتدا بۆ ماوەی بۆ دوازدە ساڵیش پۆستی سەرۆك كۆماری لای كوردە كە هەشت ساڵی مام جەلال و ئەوە چوار ساڵیشە فوئاد مەعسومە لە پكشی یەكێتی، هەروەها كورد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەبووە پێشتر لە پشكی پارتی و ئێستاش لە پشكی گۆڕان، پۆستی وەزارەتی دارایی و بریكارەكەی لە پشكی پارتی، وەزیری دەرەوە لە پشكی پارتی، جێگری سەرۆك وەزیران لە پشكی پارتی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پشكی پارتی، چەندین پلە و پۆستی دیكەی وەزاری و سەربازی و ئەمنی لە پشكی حزبەكان.

ئێستا كە بەغدا گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان لە زۆر لایەنەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان نادات، شاندەكانی یەكێتی و پارتی لەبری كردنەمەرجی گەڕانەوەی بودجە و ناردنی پارەی جوتیاران و نەوت و بەنزین دەچن پۆستەكان دەكەنە مەرج و شەڕ لە سەر پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن لە نێو خۆیاندا و لەگەڵ كوتلەكانی بەغداشدا.

بەپێی زانیارییەكان شاندی باڵای یەكێتی‌و پارتی لەسەردانیان بۆ بەغداو كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن وەكو ساڵانی رابردوو بۆ وەرگرتنی پۆست‌و دابەشكاری پۆستەكانی عێراق رۆیشتوون‌و ئەمەش لەكاتێكدایە هاووڵاتیانی هەرێم لە گەورەترین قەیرانی سیاسی‌و ئابووریدا ژیان بەڕێدەكەن.

محەمەد عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە (خەڵك)ی راگەیاند، تا ئێستا نەمانتوانیوە خەڵك لەوە تێبگەیەنین كە لایەنە سیاسییەكان بۆیە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن بۆ ئەوەیە كە دەسەڵات بگرنە دەست‌و دەسەڵاتیش بۆ خزمەتكردنی خەڵكە‌و ئەگەر پۆستت نەبێت بەچی دەسەڵاتت هەیە.

وتیشی، لە رابردوودا كاتێك پارێزگای كەركوك كورد بوو كەمترین كێشەمان هەبوو، بەڵام ئێستا زۆرترین كێشەمان هەیە، لەبەرئەوە مافی خۆمانە داوای پلەو پۆست بكەین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی پێ بكەین، جگ لەوە پلەو پۆست هەموو شتێك نییەو دەبێت پلانێكت هەبێت لەسەر كێشەكانی هەرێم‌و كاری لەسەر بكەیت.

ئاشكراشیكرد، خزمەتی خەڵك بە پلەو پۆست جێبەجێ دەكرێت نەك بڵێی یەكێتی دەچێتە بەغدا داوای پۆست دەكات، دەبێت خەڵك داوا بكات پۆستی زیاتر بپچڕێنین.

سەبارەت بەوەی تا چەند شاندی یەكێتی مەرجی بودجەو گەنمی جوتیاران‌و نەوتی سپی كردوەتە مەرج لەگەڵ لایەنەكان، محەمەد عوسمان رایگەیاند، یەكێتی بەرنامەیەكی هەیەو تا ئێستا لەگەڵ لایەنەكان نەگەیشتونەتە ئەنجام تاكو بەرنامەكەمان ئاشكرا بكەین، جارێ هەر گفتوگۆیە لەنێوان لایەنەكان كە چی بكەین، بەڵام كە نزیك بووینەوە لە پێكهێنانی حكومەت ئەوكاتە ئەو بەرنامەیەی هەمانە ئاشكرایدەكەین‌و بەپێی ئەو بەرنامە بەشداری لە حكومەتی ئایندە دەكەین.

30/05/2018
2630 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved