پارتی مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عیراق ئاشكراكرد

پارتی مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عیراق ئاشكراكرد

پارتی مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عیراق ئاشكراكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بنەماكانی "هاوبەشیی راستەقینە و پێكەوەسازان و هاوسەنگی" وەك مەرج و ئەولەویەتی حزبەكەی بۆ بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عیراق ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، كە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی پارتیی-یە، بەڵام دەڵێت: "دەبێت گفتوگۆ بكەین".

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی (گوڵان) ئاماژەی بەوەكردووە، هاوبەشیی راستەقینە و پێكەوەسازان و هاوسەنگی ئەولەویەتی پارتین بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا.

سەبارەت بە زیادبوونی دەنگەكانی حزبەكەی وتەبێژی پارتی وتیشی، "هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی لەوەدا جیاواز بوو، پارتی دەیزانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە و دەیزانی چۆن هەڵمەتەكەی خۆی ئاراستە دەكات، بەڵام لایەنەكانی دیكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەو شێوەیە بوو وەك ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەمەش وایكرد، كە خەڵكی كوردستان بە باشی لە پەیامەكەی پارتی تێبگات و متمانەی بداتێ".

دەشڵێت: "سەبارەت بە زیاد و كەمكردنی دەنگەكانیشی لە هەندێك شوێن، ئێمە وەك مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمبارەوە بەیانێكمان دەركردووە و ئاماژەمان بەوە كردووە، كە لە هەندێك شوێن دەستكاریی دەنگەكان كراوە، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی دەنگی ڕاستەقینەی پارتی نییە، ئەمەش بۆچی و چۆن؟ بێگومان دراوەتە دەستی یاسا و دەبێت لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو گومانانەی ئێمە دەڕەوێنەوە."

"سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار، كە یەكێتی داوای دەكات، مەحمود محەمەد دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ڕێكەوتنی 2005 نەماوە، ئەوا دەبێت گفتۆگۆ بكەین كێ پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت، سەبارەت بە ئیستحقاقی پارتییش، بێگومان لە ڕووی ژمارەی كورسییەكان و بە خاڵیش بێت، ئەو پۆستە بە مافی پارتی دەزانین، كە وەریبگرێت."

29/05/2018
5259 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved