هاووڵاتیان: حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبییەكان نرخی بەنزین بەرز دەكاتەوە

هاووڵاتیان: حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبییەكان نرخی بەنزین بەرز دەكاتەوە

هاووڵاتیان: حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبییەكان نرخی بەنزین بەرز دەكاتەوە

 سلێمانی – نزار جەزا

حكومەتی هەرێم لەقازانجی كۆمپانیا حزبییەكان پاڵپشتی سوتەمەنی ڕاگرتووە و نرخی بەنزینی لەشارەكانی هەرێم بەرزكردۆتەوە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق بەیەك كوالێتی و نرخێكی جێگیرەوە بەنزین دەفرۆشێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبۆتەوە، بەجۆرێك لەئێستادا نرخی لیترێك بەنزینی نۆڕماڵ بە 700دینارە، نرخی لیترێك بەنزینی محەسەن بە 775 دینارە.
 
حكومەتی هەرێم لەساڵی 2015 بەمەبەستی هەرزانكردنی نرخی بەنزین، هێنانی بەنزینی كردە بازرگانی و لەڕێگەی كۆمەڵێك بازرگان و كۆمپانیای حزبییەوە بەنزین دەهێنرایە ناو شارەكانی هەرێمەوە، بەڵام ئەم نرخە هەرزانە بۆ ماوەیەكی كاتی بوو و دووبارە نرخ بەرزبوەوە.

لەمبارەیەیەوە غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەساڵی 2015 حكومەتی هەرێم پاڵپشتی سوتەمەنی هەڵگرت، سوتەمەنی بوو بەبازرگانی بۆئەوەی نرخی بەنزین بێتە خوارەوە، بەڵام ئەو كاتە هۆشداریدرا لەوەی ئەم چارەسەرە كاتییە، بەڵكو چارەسەر ئەوەیە چەند پاڵاوگەیەكی مۆدێرنی حكومی بكرێنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ناكرێت حكومەت نەوتەكەی خۆی بەهەرزان و تاڵان بنیرێتە دەرەوە، لەبەرامبەردا بەنزینی كوالێتی خراپ بهێنێتە ژوورەوە، هەر حكومەتێك ئەگەر تۆزێك ویژدانی هەبێت، ئەمە ناكات.
 
لەبەدواداچونێكی مەیدانیدا، (خەڵك) سەردانی چوار بەنزینخانەی شاری سلێمانی كرد، بەڵام هیچكام لەخاوەن بەنزینخانەكان ئامادەنەبوون قسە لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە بكەن.

بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق سوتەمەنی بۆ پاڵاوتگە حكومییەكانی هەرێم دەنێرێت ، پاشان بەرهەمەكانی ئەو سوتەمەنییە بۆ حكومەتی عێراق دەنێردرێتەوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیا حزبییەكانی هەرێم بەجۆری جیاواز و كوالێتی جۆراوجۆر سوتەمەنی لەوڵاتانی دەرەوە دەهێننە ناو كوردستانەوە.
   
لەوبارەیەوە وشیار پیرۆت، كە لەیەكێك لەبەنزینخانەكانی شاری سلێمانی بەنزینی لەئۆتۆمبێلەكەی دەكرد، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەند كۆمپانیایەكی حزبی دەستیان بەسەر نەوت و بەنزیندا گرتووەو خۆیان بەویستی خۆیان نرخ دادەنێن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پاڵاوتگانەی كە بونیشیان هەیە، سەر بە حزبەكانن و لەلایەن كۆمپانیا حزبییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن، بۆیە لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بەكارناهێنرێن.

زیادبونی نرخی بەنزین كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوڵاتیان بووە، بەجۆرێك شۆفێرانی تەكسیش ناتوانن بەو نرخە بەرزەوە هاوشێوەی پێشتر بەهەمان كرێ هاتووچۆ بەسەرنشینان بكەن.

تاریق حوسێن، كە شۆفێری تەكسییەو پاش ئەوەی بەبەهای 11 هەزار دیناربەنزینی كردە تەكسییەكەیەوە، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند،  بەداخەوە لەئێستادا نرخی بەنزین بەرزبۆتەوە، كە كاریگەری لەسەر كاركردنیان هەیە، چونكە كرێی هاتوچۆ كەمە ئەگەریش نرخی بەنزین بەرزبێتەوە، ناتوانن ئەو پارەیە دابینبكەن، بۆیە لەحكومەت داواكارە نرخی بەنزین دابەزێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێبون لەم مانگی ڕەمەزانەدا نرخی بەنزین كەمبكرێتەوە، بەڵام نازانێت بۆچی ئەو كەسەی بەنزین دەهێنێتە ئەم شارەوە ئەم نرخەی ئاوا بەرزكردەوە.

لەبارەی هۆكاری زیادبونی نرخی بەنزینەوە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەیخستەڕوو، ڕاستە نرخی نەوتی خاو گرانبووە، بۆیە نرخی بەنزینیش لێرە بەرزبۆتەوە، بەڵام حكومەتیش هیچ پاڵپشتییەكی بۆ سوتەمەنی نییە، لەبەرئەوەی مەبەستیەتی كۆمپانیا حزبییەكانی یەكێتی و پارتی لێی سودمەندبن و دەستیشیان بەسەر هەموو جومگەكانی وڵاتدا گرتووە و لەسودی بنەماڵەكان بەكاردەهێنرێن، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراقی لەساڵی 2003ەوە بە یەك كوالێتی بە450 دینار دەفرۆشێت.

وتیشی:"هاوڵاتیان سێ جار زەرەرمەند دەبن، بەجۆرێك بەنزین بەگران دەكڕن، پارەكەی دیارنییە، پارەی فرۆشی نەوتی خاویش دیارنییە".

ساڵانێكە لەهەرێمی كوردستان كێشەی بەنزین و نەوت بونیان هەیە، هەرجارەو بەجۆرێك كێشەكان سەرهەڵدەدەن، جارێك كوالێتی بەنزینەكە خراپە و فیتپەمپ دەسوتێنێت، جارێكی دیكە زیانی تەندروستی هەیە، جارێكی دیكە نرخ بەرزدەبێتەوە.

29/05/2018
3641 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved