"ساختەكاری"ی هەڵبژاردن لایەنە پەرشوبڵاوەكان یەكدەخات

"ساختەكاری"ی هەڵبژاردن لایەنە پەرشوبڵاوەكان یەكدەخات

خەڵك-بەشی هەواڵ
شەش لایەنی پەرشوبڵاوو دژبەیەك  كە زۆرینەیان پێگەی سەرەكییان لە سنووری دەڤەری سەوزدایە، بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنەكەی دوازدەی ئایاردا كە بە گوتەی  خۆیان "ساختەكاری"یان لێكراوە، لە بەرەیەكدا كۆدەبنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی شیوعی لە نیمچەبەرەیەكدا كۆبوونەوە و باس لە پێكهێنانی بەرەیەكی بەرفراوان و یەك لیست بۆ پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش دەكەن.

هاوكات نەوەی نوێ كە وەك هێزێكی نوێ چوار كورسی هێناوە و بە گوتەی خۆیان دەڵێن ساختەكاری كراوە و ژمارەی كورسییەكانیان زۆرترە، چەند جارێك داوای لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كردووە بۆ كاری پێكەوەیی بكەن و بەرەیەكی فراوان دژی پارتی و یەكێتی پێكبێنن، بەڵام جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی، هێزەكانی دیكە وەڵامیان نەداوەتەوە تاكو ئێستا.

-بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ نەوەی نوێ زۆرترین ناكۆكی هەبوو بە ئاشكرا.
- بزوتنەوەی گۆڕان  و یەكگرتوو لە شەڕێكی ناڕاستەوخۆدا بوون لە دوای شكستپێهێنانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە 19ی ئابی 2015 لەلایەن یەكگرتووەوە و پشتیوانییەكانی یەكگرتوو بۆ پارتی و یەكێتی لە پرسی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان بە بێ گۆڕان و كۆمەڵ.

-هاوپەیمانی بۆ دێموكراسی و دادپەروەری كە لە بەشێك لە یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو پێكهاتووە بەناڕاستەوخۆ ململانێی لەگەڵ هێزە  هاوپەیمانەكانیدا هەبووە، بەوپێیەی كەسی یەكەمی  ئەم هێزە پێشتر چەندین پۆستی باڵای حزبی و حكومی هەبووەو لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە رەخنەی زۆری لێگیراوە بە تایبەت لە رووداوەكانی شووباتی 2011دا.
-یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ كۆمەڵ ناكۆكی زۆریان لە نێواندا هەبوو لەسەر لیستی ئیسلامی، كە كۆمەڵ لیستی ئیسلامی رەتكردەوە.

-حزبی شیوعی بەردەوام لە بەرەی دەسەڵاتدا بووە لە كاری پەرلەمانیدا  و لە نێو حكومەتیشدا لە كابینەی پێشتردا زۆر لە ئاستی خۆی زیاتر پشكی وەرگرتووە.

ئەندامێكی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەوەری رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنانەی كە دزی لە دەنگەكانمان كراوە خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێوانماندا هەیە.

موئمین یاسین زەڵمی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە (خەڵك)ی راگەیاند، ئێمە لە ستراتیژی هاوپەیمانیدا لە پێش هەڵبژاردنەكانیشەوە داواكاریمان پێشەكش بە لایەنەكان كرد كە بەرەیەكی نەتەوەیی دروستبكەین كە زیاتر كار لەسەر خزمەتگوزارییەكان‌و نەهامەتیەكانی هاووڵاتیانی هەرێم‌و گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئەوكات هێزەكان لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری تایبەت بە خۆیان نەیانتوانی لەگەڵمان بێنە پێشەوە.

وتیشی، دوای هەڵبژاردنەكان ئەم دەستپێشخەریانە دەستیان پێكردوەتەوەو وەكو ئەمری واقیع هاوڵاتییان سەیری دەكەن كە پێویستە بەرەی نیشتمانی دروست بكرێت‌و ئێمەش ستراتیژە لامان كە بە یەك پاكێج بەشداری گفتوگۆكان بكەین، كە پێكەوە بڕیار بدەین لەسەر بایكۆتی پەرلەمان یان وەكو فراكسیۆنێك مامەڵە بكەین كە دەچین یان ناچین.

سەبارەت بە یەكڕیزی ئەو لایەنانە لە هەرێمی كوردستان موئمین زەڵمی رایگەیاند، بۆ هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاری‌و گفتوگۆ هەیەو تا رادەیەكی باش بەرەوپێشوون هەیە كە كار بۆ دروستكردنی هاوپەمانیەتیەك لە هەرێمی كوردستان هەیە.

سەبارەت بە چۆنێتی كۆبوونەوەی ئەم لایەنانە لە بەرەیەكدا لەكاتێكدا هەریەكەیان بۆچون و ئایدیایەكی جیاوازی هەیە، ناوبراو پێی وایە كە بەپێچیەوانەوە خاڵی هاوبەشمان زیاترە لە جیاوازییەكان، ئەویش ئەوەیە دەمانەوێ سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم بگۆڕین‌و كار بكەین بۆ بەرپاكردنی دادپەروەری بۆ خەڵك‌و زۆر بابەتیتر.

وتیشی، ئەگەر ئیرادەی پێكەوە كاركردن هەبێت‌و ستراتیژی یەكریزی هەبێت بۆ ئەو هێزانە بە دڵنیاییەوە ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو دەبێت.

ئاشكراشیكرد، كاركردنی پێكەوەیی لایەنەكان بە تاكە چارەسەر دەزانین بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی‌و دەربازكردنی هاووڵاتییان لەو قەیرانەی تێی كەوتون.

رونیشیكردەوە، دزیكردن لە دەنگەكانمان بووەتە خاڵێكی هاوبەش بۆ هەمومان‌و سەرقاڵی تاوتوێكردنی بابەتە یاسایی‌و سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنین كە پێكەوە كار لەسەر تۆماركردنی سكاڵاكان دەكەین.

جارێ دیار نییە كە ئەم بەرەی ئۆپۆزسیۆنە سەركەوتوو دەبێت یان نا، چونكە ئەزموونی پێشووی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە سەركەوتوو نەبووە.

لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2013 بەرەی ئۆپۆزسیۆن كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو هەڵوەشا  و بەپێی سەرچاوەكان دوو حزبە ئیسلامییەكە ئامادەی فراكسیۆنی هاوبەش نەبوون لەگەڵ گۆڕان، گۆڕانیش ئەوانی جێهێشت و بە تەنها لەگەڵ پارتی رێككەوت بۆ بەشداریكردن لە حكومەتدا.
هەروەها لە بەرەی ئەو حزبانەی داوای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان دەكرد لە 2015 لە 20ی ئابدا لە كۆبونەوەی پەرلەمان یەكگرتوو لە نیوەی رێگادا هاوڕێكانی جێهێشت و شكستی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هێنا.

28/05/2018
1950 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved