دەستكاریكردنی مووچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران تێكەڵ بە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت

دەستكاریكردنی مووچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران تێكەڵ بە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت

دەستكاریكردنی مووچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران تێكەڵ بە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
تائێستا گفتوگۆ و جیاوازی لەسەر ماددەی سێهەمی پڕۆژە یاسای مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی دەكرێت و بەپێی زانیارییەكانیش بەشێك لە پەرلەمانتاران دەیانەوێت خانەنشینی پەرلەمانتاران كەمبكەنەوە و مووچەی پەرلەمانتاران زیاد بكەن، چونكە بەشێكیان بەنیازن خۆیان كاندید بكەنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی وت، "ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، كە لە لیژنەكانی دارایی و یاساین دەیانەوێت پڕۆژە یاسای خانەنشینكردنی پەرلەمانتاران هەڵبوەشێننەوە و بەڕێژەیەكی دیاریكراو و بەمەرج خانەنشینی هەبێت و ئەوەیش بكەنە دەسكەوتێك بۆ خۆیان، چونكە خۆیان كاندید دەكەنەوە بۆ خولی داهاتوو".

سەرچاوەكە، كە نەیوست ناوی بڵاوبكرێتەوە، ڕوونیكردەوە، كە بەشێك لەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێت پڕۆژە یاسای خانەنشین كردنی پەرلەمانتارانی عێراق لە هەرێم جێبەجێ‌ بكەن و بەوەش زۆربەی پەرلەمانتاران خانەنشین نابن.

وتیشی، "ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێت خانەنشینی نەمێنێت، بەڵام دەستكاری مووچە دەكەنەوە و زیادی دەكەن، بەوەش دەیانەوێت لەلایەك مووچەی خولی داهاتوویان زۆر بێت و لەلایەكی ترەوە، پڕۆژەكە بكەنە موزایەدەی سیاسی".

سەرچاوەكە ئەوەیشی خستەڕوو، كە سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەمان بۆچونی هەیە و گۆڕانكاری لە بۆچونی بەشێكی تریش لە پەرلەمانتاراندا دروستبووە، بەهۆی ترسیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو.

بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان پێشتر بە (خەڵك)ی وت، "من و كاك جەعفەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەیەكچاو سەیری هەموو فراكسیۆنەكان دەكەین و كاری ئێمە لایەنگری نیە و سەبارەت بە پڕۆژەكەیش چاوەڕوانی ڕێكەوتنی فراكسیۆنەكانین".

مووچەی پەرلەمانتار پێشتر 8 ملیۆن و 800 هەزار دینار بوو، بەڵام لەكاتی پاشەكەوتدا كەمكرایەوە بوو بە دوو ملیۆن دینار و لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا جارێكی تر زیادكراوەتەوە و كراوە بە 4 ملیۆن و 400 هەزار دینار.

هیوا نەسرەدین، بەرپرسی ئیدارەی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) وتی، "هیچ پەرلەمانتارێك داوای زیادكردنی مووچەی نەكردووە، بەڵكو حكومەت لەچوارچێوەی دەستكاری مووچەدا زیادی كردووە".

ناوبراو زیاتر باسی لەوەشكرد، كە ئیمتیازانی پەرلەمانتاران زۆر سنوردارە "پارەی خزمەتگوزاری ماڵەوە، بەنزین و هەموو پێویستییەكانیان لەسەر خۆیانە، پەرلەمانتاران مووچەیان زۆر نیە و بەشێوەی خراپ لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت".

20/05/2018
2668 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved