نێچیرڤان بارزانی داوای كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانیەكان و بەلاوەنانی ناكۆكیەكان دەكات

نێچیرڤان بارزانی داوای كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانیەكان و بەلاوەنانی ناكۆكیەكان دەكات

نێچیرڤان بارزانی داوای كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانیەكان و بەلاوەنانی ناكۆكیەكان دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنی حزبەكەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عیراق ڕایدەگەیەنێت و ئاماژە بەوەدەكات، ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە و دەشڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن".

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شەراكەت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.

ئەمەش دەقی پەیامەكە:
جەماوەری خۆشەویست و تێكۆشەری پارتی،

ئەم سەركەوتنە سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و لە پێشمەرگە قارەمانەكان، ئینجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕای گەلی كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگریی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا.

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئەنجومەنەكانی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگاكان، مەكتەبەكانی پارتی، ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتیی كەمپینەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد لە پارێزگاكاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكەكەكان، ئەوپەڕی چالاكییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. كار و خەباتی هەموویان و ئەرككێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاكیی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەكان و شێوازەكانی تازەی كاركردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی و كاركردن و هەوڵ و ماندووبوونیان، جێگەی ڕێزی بەردەوامی سەركردایەتیی پارتین.

سوپاسی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەم كە بەشدارییەكی گەورەیان لەسەر ئاستی عێراق تۆمار كرد و مافی دیموكراسیانەی خۆیان بەكارهێنا، هەروەها سوپاسی هەموو دامودەزگا حكوومییه پەیوەندارە‌كانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دەزگا ئەمنییەكان دەكەم كە له بەڕێوەچوونی ئارام و سەركەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردندا، ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا.‌

لەو باوەڕەداین كە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەكان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەركەوتنە تازەیە، كارێكی زۆرتر دەكەن بۆ سەركەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانیی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كوردستانەوە، هەمیشە وزەیەكی نوێی خەباتكردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.

نوێنەرە سەركەوتووەكانی پارتی وەك هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەكانی شەهیدان و ئامانجەكانمان و بەرگریكاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا.

كوردستانیانی خۆشەویست،
هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێكی زۆر و كارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەكی كەم لە شكستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەكانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان، توانی بە ئارامییەكی زۆرەوە، سەركەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزیی هەستی نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە.

ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینكردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی كارنامەیەكی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەكی بەهێزی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و كارێكی هاوبەش.

گەلی خۆشەویستی عێراق،
پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەكەم، هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەیەكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.

ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شەراكەت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

19/5/2018

19/05/2018
2054 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved