بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار دەستپێدەكات

بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار دەستپێدەكات

بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار دەستپێدەكات


 خەڵك- بەشی هەواڵ

بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكدار دەستپێدەكات بە ئامانجی خۆپاراستنی لە هێرشەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.

 لە دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009 چەند جارێك هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دژی بزوتنەوەی گۆڕان بەكارهێندراون بە شێوازی جۆراوجۆر، دوایینیان هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە بارەگای مەكۆی سەرەكی گۆڕان بوو لە رۆژی دوازدەی ئایاردا لەلایەن هێزە چەكدارەكانی یەكێتییەوە.

پێشتر لە 17ی شوباتی 2011 هێزە چەكدارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتەیان دا و هێزێكی یەكێتیش لە كاردانەوەكانی رووداوەكانی 17ی شوباتدا لە گردی زەرگەتە نزیكبوونەوە.

هاوكات لە 2015دا هێزە چەكدارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاڵگەی پردێ بە چەك رێگریان لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد.

بەشێك لە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونی ئەو حزبەوە لەگەڵ دروستكردنی باڵی سەربازی دابوون، بەڵام بەشەكەی دیكە بە تایبەت نەوشیروان مستەفا ئەو بیرۆكەی رەتكردووەتەوە.

  هەندێك سەرچاوە 

 نەوشیروان مستەفا بە هەموو شێوەیەك دروستكردنی هێزی چەكداری رەتكردووەتەوە و لەگەڵ درێژەدان بووە   بە خەباتی مەدەنی 

بەپێی هەندێك سەرچاوە نەوشیروان مستەفا بە هەموو شێوەیەك دروستكردنی هێزی چەكداری رەتكردووەتەوە و لەگەڵ درێژەدان بووە بە خەباتی مەدەنی و بەپێی هەندێك سەرچاوە نەوشیروان مستەفا گوتویەتی "سێ‌ رێگا بۆ گۆڕانكاری هەن، ئەوانیش هەڵبژاردن، جوڵاندنی شەقام ‌و خۆپیشاندان و لە رێگای چەكەوە"  ، بەڵام بەهەموو شێوەیەك رێگای سێهەمی رەتكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە (خەڵك) بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای هێرشە چەكدارییەكەی یەكێتی بۆ سەر گردی زەرگەتە لە شەوی دوازدەی ئایار گەیشتووە بەو بڕوایەی هێزێكی چەكدار بۆ بەرگری كردن لە خۆی دروست بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانە لەو شەوەوە شەوانە هەڵسوڕاوانی گۆڕان بە چەكەوە لە گردەكە دەمێننەوە و خەرێكی خۆڕێكخستنەوەن و ژمارەیەكی زۆری خۆبەخشیش خواستی خۆیان بۆ چەكهەڵگرتن لە نێو ریزەكانی گۆڕاندا دەربڕیووە.

هاوكات لەگەڵ ئەو زانیاریانەدا چەند سەركردەیەكی گۆڕان بە ئاشكرا ئاماژەیان بە دروستكردنی هێزی چەكداركردووە.

 دلاوەری حاجی عوسمان 

 ئەگەر شەڕ یەخەمان پێبگری‌ ئەوا كەس وەك ئێمە شەڕ‌و بەرگری‌ لەخۆی‌ ناكات 

دلاوەری حاجی عوسمان هەڵسوڕاوی باڵای گۆڕان و فەرماندەی سەربازی پێشووی یەكێتی بە رۆژنامەی ئاوێنەی‌ راگەیاند " هەموو ڕێگەیەكی‌ ئاشتیانە دەگرینەبەر، بۆ دەستخستنەوەی‌ دەنگەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، بەڵام ئەگەر ئەو كارە سودی‌ نەبوو، ئەوا رێگەی‌ دیكەی‌ زۆرە بیگرینەبەر‌و تاقیان بكەینەوە".

دلاوەر ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان نایانەوێ‌ شەڕ یەخەیان بگرێ‌، بەڵام ئەگەر شەڕ یەخەیان پێبگری‌ ئەوا كەس وەك ئەوان شەڕ‌و بەرگری‌ لەخۆی‌ ناكات، "ئێمەو ئەو برادەرانەش باش یەك دەناسین، هەمومان پێشمەرگە بوین لەشاخ‌و پێكەوە شەڕیشمان كردووە".

وتیشی‌ "ئەگەر بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش نەبێت، گەنجی‌ خوێن گەرم زۆرە ڕێگە نادات فیشەك بەسەر گۆڕەكەی‌ كاك نەوشیرواندا بڕوات، چ بگات بەوەی‌ فیشەك لەشوشەی‌ چواردەوری‌ گۆڕەكەی‌ بدات".

 عەلی حەمە ساڵح 

  باشترین بژاردە دروستكردنی هێزێكە بۆ پاراستنی دەنگدەرو خۆپیشاندەرو سندوقەكانی دەنگدان 

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە بابەتێكدا نوسیوێتی "ڕۆژێك پەرلەمان دادەخەن، ڕۆژێك لە بازگە سوكایەتی دەكەن، ڕۆژێك پەلاماردەدەن، ڕۆژێك هەڕەشەی كوشتن دەكەن و لە هەڵبژاردن ساختە دەكەن و دواتر دێنە سەرگردەكە، بۆ ئەوەی ئەم میللەتە ئومێدی گۆڕانكاری لەدەسنەدات باشترین بژاردە دروستكردنی هێزێكە بۆ پاراستنی دەنگدەرو خۆپیشاندەرو سندوقەكانی دەنگدان". 

هەروەها ناوبراو دەڵێت "نابێت غەدر لەكەس بكەین، بەڵام كەسێك زلەیەكی لێدایت دەبێت دوو زلەی لێدەیت".

عەلی حەمە ساڵح ئاشكراشیكرد "ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار كەس خۆبەخشانە ئامادەن بۆ ئەم هێزە". 

دەشڵێت "كاتێك هیچ هێزێك نییە سندوق و دەنگدەرو خۆپیشاندەرو هەموان بپارێزێت و دوو حیزب هێزی خۆیان هەیە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هێزێك بۆ پاراستنی پرۆسە دیموكراسییەكان دروستببێت".

 بزوتنەوەی گۆڕان 

 یەكێتی پلانی هەیە هێرشی سەربازی بكاتە سەر گردی زەرگەتە 
لەلایەكی دیكەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەكی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵەكان ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە یەكێتی پلانی هەیە هێرشی سەربازی بكاتە سەر گردی زەرگەتە.

بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو زانیارییانە رەتدەكاتەوە و دەشڵێت پلانێكی لەو شێوەیەیان نییە.

ئەمە لەحاڵێكدا هێشتا كەم نین ئەوانەی سوورن لە سەر خەباتی مەدەنی و رێبازەكەی نەوشیروان مستەفا، دەڵێن دروستكردنی هێزی چەكدار لادانە لەو رێبازە.

 چاودێرێك 

 بە كورتی و بەكوردی یەكێتی و پارتی دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان ناچار بكەن پەنا بۆ دروستكردنی هێزی   چەكداری حزبی بەرێت 

لەوبارەیەوە لەتیف فاتح فەرەج چاودێری سیاسی لە گوتارێكدا دەڵێت "لە چەند قۆناغێكدا دوو حزبی خاوەن میلیشیای چەكدار هەوڵیان داوە ناچاری بزوتنەوەی گۆڕان بكەن بۆ ئەوەی پەنا بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار بەرێت ، من باوەڕم وایە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پەنا بەرێتە بەر ئەم بژاردەیە ، ئەوە بیانوی ئەوە دەداتە دەستەوە كە ئەو حزبەش هیچی لە پارتی و یەكێتی كەمتر نییەو رەنگە دۆخەكەش بشێوێ‌، ئەم ناچاركردنە بەو بیركردنەوەیە لای گۆڕان ئەو كاتەش هەبوو كە دكتۆر یوسف محەمەدی سەرۆكی پارلەمان رێی لێگیرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر ، كە من باوەڕم وابوو دەبوو هەر بچوایەو پارتی بخستایەتە نێو دۆخێكی ناجۆرەوە".

روونیشیكردەوە "بە كورتی و بەكوردی یەكێتی و پارتی دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان ناچار بكەن پەنا بۆ دروستكردنی هێزی چەكداری حزبی بەرێت، ئەگەر ئەمەش ڕووبدات گۆڕانیش دەبێتە هاوشێوەی پارتی و یەكێتی".

16/05/2018
5051 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved