ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: پارتی حزبێكی موفلیسە

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: پارتی حزبێكی موفلیسە

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: پارتی حزبێكی موفلیسە


خەڵك ـ فەرهەنگ فەرەیدون

سەبارەت بەو لێدوانانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێكی ئەندامانی یەكێتی بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تۆمەتبار دەكەن، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "پارتی حزبێكی موفلیسە".

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك)، د.جوان ئیحسان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە ئەوان پێشنیاریان كردووە لە كۆتایی مانگی 1ی 2018 كۆنگرە بكرێت.

سەبارەت بەو لێدوانانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێكی ئەندامانی یەكێتی بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تۆمەتبار دەكەن، وتی "پارتی حزبێكی موفلیسە" و ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوان نەیانویستووە پێشمەرگە شەهید ببێت لە پێناو مانەوەی كەسێك لە پۆستەكەی.

خەڵك: دوای كۆچی دوایی سكرتێری گشتی یەكێتی، نەخۆشكەوتنی جێگری یەكەمی یەكێتی و دەستلەكار كێشانەوەی جێگری دووەم، ئایندەی حزبەكەتان بەرەو كوێ‌ دەچێت؟
د.جوان ئیحسان: لەكاتی نەخۆشكەوتنی مامەوە بۆشاییەكی گەورە دروست بوو، بەداخەوە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نەیانتوانی رێكخستنێكی وا بكەن كە كاریگەرییەكەی بەو شێوە زەقە دیار نەبێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دوای سكرتێری گشتی، كاك كۆسرەت بەرپرسی یەكەمە، بەڵام بەڕێزیشیان بەهۆی نەخۆشییەوە دەبێت بۆ ماوەیەك پشوو وەربگرێت، لە پاش ئەویش كاك بەرهەمە كە وەك دەزانن نزیكەی 4 ساڵە لە كاری حزبی داوای لێبوردنی كردووە.
دەسەڵاتی نێوان دوو كۆنگرە ئەنجومەنی سەركردایەتییە، بەڵام ئەو دەسەڵاتە لە ئێستادا لە حاڵەتی سڕبووندایە، لەبەر ئەوە ئێستا ئێمە وەك شەخسی یەكەمی حزب و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كێشەمان هەیە.


خەڵك: بەڕێزتان باستان لەوەكرد كە دەسەڵات لە ئێستادا لای ئەنجومەنی سەركردایەتییە، بەڵام ماوەیەكی زۆری بەسەردا رۆشتووە و تا ئێستا ئێوە كۆنگرەتان نەكردووە، ئەو شەرعیەتە دەدەن بەخۆتان كە یەكێتی بەڕێوە ببەن؟
د.جوان ئیحسان: بە دڵنیاییەوە نەخێر، خۆی شەرعیەت شتێكی وەزعییە، بەداخەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرهەموومان وادەردەكەوێت دیموكراسی خواز و مۆدێرنین، بەڵام هەموومان رەگ و ڕیشەی خێڵەكیمان هەر تێدایە، بەڕواڵەت جلی مۆدێرنمان لەبەردایە، بەڵام خۆمان هەر خێڵەكین، بە بەڵگەی ئەوەی خۆت باسی ئەوە دەكەی  گۆڕانكاری لە دەسەڵات بە شێوەیەكی دیموكراسی و سەردەمیان ئەنجام بدرێت، بەڵام كە دێتە سەر ئەوەی خۆت دەست لە دەسەڵاتێك هەڵبگریت، رەگە خێڵەكییەكەت زاڵ دەبێت و دەتەوێت خۆت لەدەسەڵات بمێنیتەوە، ئەمەش لەناو یەكێتیدا بوونی هەیە.
دەبوایە لە 31\1\2013، كۆنگرە ببەسترایە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ناتوانین ئێمە بڵێین %100 ئەو سەركردایەتییە شەرعیەتی هەیە، بەڵام كاروبارەكانی بردووە بەڕێوە و كارەكانی درێژە پێداوە.


خەڵك: لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێشنیاری ئەوەكرا كە لەبری مەكتەبی سیاسی دەستەیەكی بەڕێوەبردنی نوێ‌ دیاری بكرێت تا كاتی كۆنگرە، كارەكانی پێكهێنانی ئەم دەستەیە بەكوێ گەیشت؟
د.جوان ئیحسان: لەو كۆبوونەوەیەدا راپۆرتێكی هەڵسەنگاندن بۆ ئۆرگانەكانی یەكێتی خوێندرایەوە، بەحوكمی ئەوەی مەكتەبی سیاسیش ئۆرگانێكی حزبە، پێشنیاری ئەوە كرا كە دووبارە هەڵبژاردنی بۆ بكرێتەوە، ئەمە یەكەم خاڵی ئەو راپۆرتە بوو، لەدوای ئەوەی گفتوگۆیەكی زۆری لەسەركرا خرایە دەنگدانەوە و زۆرینە دەنگی بەو خاڵەدا، كەمینەش پەڵپیان گرت كە ئەمە پڕۆسەیەكی دیموكراسییە، خۆ زۆربەی زۆری ئەو هەڤاڵانە زۆر بەتوندی جەخت لەسەر دیموكراسیەت و دەستاودەست كردنی دەسەڵات دەكەن لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی حزبی و حكومی، بەڵام بۆ ئەم پێشنیارە پێیان قبوڵ نەبوو هۆڵەكەیان بەجێهێشت و كۆبوونەوەكە بە كراوەی مایەوە، هەر بۆیە پێشنیاری دروستكردنی دەستەیەك لە بری مەكتەبی سیاسی دەنگدانی لەسەر نەكرا.
ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەشێكن لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، رەنگە هەندێك لەو ئەندامانە پێیان خۆش بێت پێیان بووترێت ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بەڵام خۆی لە راستیدا مەكتەبی سیاسی جێبەجێكاری كاری حزبییە و دەسەڵاتی بەرزتر نییە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی.

خەڵك: لەدوای ئەو پێشنیارەی ئێوەوە هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێیان وابوو ئەوە پلانە بۆ ئەوەیە كە ئەوان دوور بخرێنەوە، ئێوە ئەوە مەبەستەكەتانە؟
د.جوان ئیحسان: قەت بەو شێوەیە نییە، پێم سەیرە ئەوەی بڕوای بە گۆڕانكاری مادی و مەعنەوی نییە چۆن كاری حزبی دەكات، حزب بەواتای ئەوە دێت كە لەڕێگەی فەلسەفەیەكەوە گۆڕانكاری بكات لە كۆمەڵگە بەرەو باشتر، ئەم هەنگاوەشی كە نراوە مەبەست لێی تەنها باشتر كردنی بارودۆخی یەكێتییە، لەناو حزب و دەرەوەش باش دەزان كە ئێستا یەكێتی لەرووی ئۆرگانی و بڕیاری حزبییەوە لاوازە.
یەكێتی لە ماوەی رابردوو  كەوتە ژمارەیەك هەڵەی یەك لەدوای یەك، بۆ نمونە رێككەوتنی سیاسی گۆڕان تێڕوانینی سیاسی لەگەڵ پارتی و هێزە عیراقییەكان، بۆیە پێویستمان بە چاوپێداخشاندنەوە هەبوو، ئێمە باسی شەخسمان نەكردووە بە تەنهاو بەسی هەیئەتەكەمان كردووە، نەمانوتووە ئەو هەڤاڵانە ناتوانن جارێكی دیكە خۆیان هەڵبژێرنەوە، بە مانای ئەوەش نییە ئەوانەی خۆیان هەڵدەبژێرنەوە زۆر سەركەوتوو تر دەبن، هەڤاڵانی سەركردایەتی بە دەنگەكانیان یەكلاییان دەكردەوە كە چ هەیئەتێك دروست دەبێت، بۆنمونە من بڕوام بەوە نییە كە لەسەر ئەساسی جوگرافی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرێتەوە یان لەسەر ئەساسی ئەوەی ئەمە ژنە یاخود پیاوە.

خەڵك: ئێوە رەخنەی ئەوەتان لێدەگیرێت لەناوخۆتاندا چەند باڵێكتان هەیە و ئەو باڵانەش ئەوەندەی سەرقاڵی یەكتر شكاندن ئەوەندە هەوڵ بۆ پێشخستنی حزبەكەتان نادەن؟
د.جوان ئیحسان:  سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە من لەگەڵ هیچ تەكەتولێك نیم، كە دەنگیشم دا بە دواین پڕۆژە كە لەئەنجومەنی سەركردایەتی پێشكەش كرا من بەشدار نەبووم لە نوسینەوەیدا و تەنها پڕۆژەكەم بەدڵ بووە و پشتیوانی دەكەم.
دروست بوونی یەكێتی لە بنەڕەتدا لە سێ‌ چوار فەرع دروست بووە و هەر یەكەیان زیرەكتر و چالاكترن لەوەی دیكەیان، كێشەكە ئەوەیە ئەوانەی كە ئەم حزبەیان دروست كردووە زۆر وشیار و زۆر ورد بوون، جاری وا هەیە لەو حاڵەتەدا ئەمە ئەوەندەی كێشە دروست دەكات ئەوەندە كێشەكانی چارەسەر ناكات، حزبی سیاسی هەیە لە كوردستان سەركردایەتییەكەی بڕیاری هەڵە و بڕیاری راستیش بدات كادرەكانی هیچ قسەیەك ناكەن، ئەمە هەڵەیە، تۆ نەتوانی جوڵە لەناو كادرەكانت دروست بكەی، چۆن دەتوانی دوو رۆژی تر رووبەڕووی دوژمن ببیتەوە، كادرەكان فێربكرێن بۆ تۆ عەبد بن دوو رۆژی دیكە بۆ داگیركەریش بەهەمان شێوە دەبن.


خەڵك: بەڵام سەركردە هەیە لەناو یەكێتی پارەیەكی زۆر خەرج دەكات بۆ ئەوەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەركردەیەكی دیكەی یەكێتی بشكێنێت؟
د.جوان ئیحسان: ئەم قسەیەی كە دەیكەم بەرپرسیارم لێی، ئەو سەركردەیەی ئەو كارە دەكات سەر  لێشێواوە،  ئەوە تەنها لە باند و مافیاكاندا شتی لەو شێوەیە بەكار دەهێنرێت، ئەم شێوازە لە دەرەوەی سیاسەت گونجاوە، بەڵام ئێمە لەناو یەكێتی فكرەیەكی سیاسی كۆیكردوینەتەوە، دەگونجێت رەخنەی سیاسی لە هەڤاڵێكم بگرم، ئەویش بە هەمان شێوە، كەسێك كە پلەیەكی حزبی هەبێت و رەخنەی حزبی بكاتە شەخسی و هەوڵی شكاندنی هەڤاڵەكەی بدات كارەساتە، چۆن دەبێت كەسێكی لەو شێوەیە كادر پەروەردە بكات، ئەو كەسەی كە ئەم كارانە بكات شڵەژانێكی دەرونی قورسی هەیە.

خەڵك: هیچ كاتێك دیاری كراوە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە؟
د.جوان ئیحسان: لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پێشنیازمان كردووە كە نەگاتە مانگی 2ی 2018، كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێت، بەڵام نەگەیشتینە بڕیاری كۆتایی، نازانین هۆكارەكەی ئەوە بوو كە نەیانهێشت یان هەندێك لە هەڤاڵەكان تەحەمولی ئەوەیان نەكرد.

خەڵك: كەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجام دەدەن؟
د.جوان ئیحسان: تائێستا نازانین كەی ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام دەدەین، من بەلامەوە گرنگ نییە چی دەبێت، بەڵام دەمەوێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری كۆنگرە بدرێت، حزبێك گەیشتبێتە ئاستی ئەوەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتییەكەی بەلاوە قورس بێت، پێم وایە دەبێت كۆنگرە بڕیار بدات كە ئەم حزبە بەرەو كوێ‌ دەچێت.

خەڵك: پاش دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە بەرهەم ساڵح، دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی، هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ناوبراو بەكوێ‌ گەیشتووە؟
د.جوان ئیحسان: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ حزب سزاو پاداشتی كادرەكانی دەدات ئەوەش بەپێی دەسەڵاتی ئۆرگانی، لادان و دەركردنی ئەندامیش ئەوەندە ئاسان نییە لەناو حزبی سیاسیدا، پێویستە ئەندام بوون و لاچونیشی ئاسان نەبێت، كەسمان شەرعییەتی ئەوەمان نییە كە بڵێین فڵان كەس دەبێت دوور بخرێتەوە یان دەبێت نەمێنێت.
د.بەرهەم بەپێی پەیڕەو پڕۆگرامی یەكێتی تا ئێستا جێگری دووەمی ئەو حزبەیە و خۆی خۆی بەخشیوە لە كارەكەی، بەڵام لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی هێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە، دەسەڵاتی كاك بەرهەمیش دەسەڵاتێكی ئاسایی نییە بۆیە پێویستە هەندێك شت كۆنگرە یەكلایی بكاتەوە.
هیچ كەسێك حەزناكات حزبەكەی بچوك و بێكاریگەری بێت، بەلای ئێمەوە رۆیشتنی هەرئەندامێك قورسە و پێویستمان بەوەیە بە خۆماندا بچینەوە بۆ ئەو ئەندامەی لێمان ڕۆشت؟، رۆیشتنی كاك بەرهەمیش كاریگەری دەبێت لەسەر یەكێتی و هەركەسێكیش بڵێت وانییە خۆی دەخەڵەتێنێت.
دەڵێن كاك بەرهەم دەست لەكار كێشانەوەی پێشكەش كردووە، بەڵام ئێمە كەسمان ئەو دەست لەكار كێشانەوەیەمان نەدیوە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەو كەسانەی كە پشتیوانی ئەو پڕۆژە نوێیەی سەركردایەتی دەكەن، هەندێكیان لەوانەیە دۆستی كاك بەرهەم بن، هەشیانە رەنگە چوار ساڵبێت نەی دیبێت.


خەڵك: بەڕێزتان لەم ماوەیەدا گفتوگۆت لەگەڵ كردووە؟
د.جوان ئیحسان: ئەو خۆی باش دەزانێت من وەك كوڕێكی شارەكەم و گەڕەكەكەم  كاك بەرهەمم خۆشدەوێت و ڕێزیشی دەگرم وەك سەركردەیەكی خۆم، بەڵام یەكێكم لەوانەی كە لەرووی دۆستایەتییەوە زۆر دوور بووین لەیەكەوە و دانیشتنی دووقۆڵیمان نەبووە، نە ئەو هەوڵیداوە و نە منیش هەوڵمداوە شارچێتی بكەین.

خەڵك: بەڵام كاك بەرهەم حزبێكی نوێی دروست كردووە، ئەو رێگای خۆی گرتۆتە بەر دەكرێت ئێوە هەر سوربن لەسەر ئەوەی كام بەرهەم یەكێتییە؟
د.جوان ئیحسان: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ناگونجێت هیچ ئەندامێكی حزب ئەندامی حزبێكی دیكە بێت یان رەوتێكی نوێ‌ دروست بكات، بەڵام بۆ سەركردایەتی یەكێتی بە روونی گفتوگۆت لەسەر ئەم بابەتە نەكردووە؟، بۆ لە ئەجێندای دوا كۆبوونەوەدا نەبووە؟، من سەركردایەتییەكەم ئەوەندە بە گەورە دەبینم كە بابەتێكی لەم شێوەیە باس بكات، دەڵێن كاك بەرهەم دەستی لەكار كێشاوەتەوە، كوا نامەی دەست لەكار كێشانەوەكەی؟ لە سەردەمێكداین كە دەبێت بە بەڵگە كار بكەین، تا ئێستا كەس ئەو بەڵگەی دەست لەكار كێشانەوەی كاك بەرهەمی نەدیوە.

خەڵك: یەكێتی پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بەڵام هەندێك پێش ریفراندۆم و دوای ئەنجامدانیش پێیانوابوو كە ناكرێت یەكێتی پشتیوانی بكردایە، بەڕێزت بۆچوونت چییە؟
د.جوان ئیحسان: هیچ جوڵانەوەیەك لە هەرێمی كوردستان دژی ریفراندۆم نەبوو، ئەوەشی كە هەبوو دەیوت نەخێر لە ئێستادا نەیدەوت نەخێر بۆ ریفراندۆم، لەوان بەولاوە هەموو حزبە سیاسییەكان وتوویانە بەڵێ‌ بۆ ریفراندۆم.
لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنانەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش، كەسی وا هەبووە وتوویەتی نەخێر بۆ ریفراندۆم، تەنانەت لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆچوونی وا هەبووە و نەیانوێراوە دەری ببڕن.عەیبە بۆ بزوتنەوەیەكی سیاسی ئێستا بڵێت ئێمە دژی ریفراندۆم بووین، بەلاغی كۆتایی هەموو حزبە سیاسییەكان پشتیوانی ریفراندۆم بووە.
بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كاتەكەیدا هەڵە بوو، نەتوانرا وەك پێویست دیراسە بكرێت، ئێمە لە ناو حزبە سیاسییەكان و هەرێمی كوردستانیش كێشەی ئەوەمان لەگەڵ ئەقڵە سیاسییە كلاسیكەكان ئەوەیە كە گاڵتەیان بە دیراسە دێت، هەركەسێكیش دەڵێت دیراسە كراوە و كاتەكەی باشە پێم باشە واز لە سیاسەت كردن بهێنێت.

خەڵك: لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دێتە ناوەوە، بەشێك لە ئەندامانی حزبەكەی ئێوەش بە خیانەتكردن تۆمەتبار كراون و دەڵێن لەگەڵ ئێران و بەغدا رێككەوتوون، 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێكە بۆ یەكێتی؟
د.جوان ئیحسان: رۆژانی 25\9 و 16\10، دوو رووداوی جەرگ بڕ روویدا، لەنێوان ئەم دوو رووداوەشدا چەند رووداوێكی تر روویدا وەك داخستنی فڕۆكەخانە و سنورەكان، شەڕكەوتە ناو ماڵی حزبەكان و نێوان حزبەكان، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئەو دوو رووداوە ئەمانەی نێوانیان ئەوەندە دەنگدانەوەی نەبوو، لە دوای 25\9 دەكرا سەركردایەتی سیاسی كورد كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكەی بكردایەو نەیهێشتایە رووداوەكان بگەنە ئەو ئاستە.
تۆمەتباركردنی یەكێتی بەخیانەت كاری لایەنێكی موفلیسە، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە، من لە مەیدانی شەڕدا نەبووم تا بڵێم ئاگام لە وردو درشتی پلانەكانە، بەڵام پێویستە بە ئەقڵ بیر بكەینەوە، ئەوان خۆیان پێش 25\9 دەیانوت ئەو رووداوانە روودەدەن، ئەی چۆن گروپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی ئەم سیناریۆیەی دروست كرد؟.
كورد سنوری خۆی هەبووە، ئەو سنورانەی تێپەڕاندووە و چۆتە ناوچەیەكەوە كە پێی دەڵێن كێشەلەسەر، ئێمە كردومانە بە پارتی و یەكێتیشەوە ئیتر بۆ ئینكاری لێ بكەین، ئەگەر ئەو ناوچانە %95 كورد بێت، ئێمە نەمانتوانیوە جێگیری بكەین.
یەكێتی نەیهێشتووە بە كوشتنی كوڕی خەڵكی دەسەڵاتی كەسێك بەهێز بكات، روونە بچن سەیری جەستەی پێشمەرگە شەهیدەكان بكەن بە چ چەكێك لێیان دراوە و سەیری توانای پێشمەرگە بكەن، كە لە ئاسمان و لەسەر زەوی پشتیوانی لێناكرێت، خۆ ئەو پێشمەرگانە نەدۆزراونەتەوە، ئەوان راستدەكەن لە یەك رووەوە خیانەتكراوە، ئەویش ئەوە بووە كە ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە نەدراوە بە كوشت لە پێناوی ئەوەی كەسێك لە دەسەڵات بمێنێتەوە.


خەڵك: بەڵام خۆ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی كارگێڕی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دوو راگەیاندراوی جیادا باسیان لەوە كردووە كە هەندێك كەس رێككەوتنی سیاسیان كردووە و تەنانەت بە كاڵفامی سیاسی ناوبراون؟
د.جوان ئیحسان: ئەوە ململانێی نێوان جیلەكانە، بەقسەی هەندێك كەسیش بێت ئەوانەشی لە دوا كۆبوونەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەنگیان بەو بڕیارە داوە هەر كاڵفامن، ئەوانە پێیان وایە كاتێك كە من دوو رۆژ یان سێ‌ رۆژ لە تۆ گەورەتر بووم، یان لە پێش تۆوە هاتبێتمە ناو خەباتی سیاسییەوە، كەواتە لە تۆ زاناترم و دەبێت كە من قسەمكرد تۆ بووەستی، بەڵام ئەمە لەناو حزبی سیاسی ناخوات و ئەوە ململانێی فیكرییە.

خەڵك: بڕیاربوو  یەكێتی لیژنەیەك پێكبهێنێ‌ بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كارەكانی بەكوێ‌ گەیشت؟
د. جوان ئیحسان: ئێمە تەنها بیستومانە كە لیژنەیەكی لەو شێوەیە دروست دەكرێت، ناشزانم كێ‌ ئەندامی ئەو لیژنەیەیە.

خەڵك: بە گشتی قسەكانت ئومێدی پێوە دیارە، پێتوایە لە ئایندەدا چاكسازی لەناو یەكێتی بكرێت؟
د.جوان ئیحسان: بەڵی پێموایە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان چاكسازی ئەنجام دەدرێت و دەشبێتە هۆی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئێمە ئەو چاكسازییە نەكەین كەواتە بۆ هەین.
بەداخەوە كاری كەسی هەندێك لە سەركردەكان ئێمەشی ناشرین كردووە، سیاسەت كردن هەست و داتاو جورئەتە لە بڕیاردان، ئەوە نییە كە ئەوان لێی تێگەیشتوون كە دەبێت دیوەخانت هەبێت و یان ئەوەندە بڕە پارەت هەبێت، كە كاری سیاسیت كرد نابێت چاوەڕێی كامێرای راگەیاندنەكان بكەی دەرت بخات، بڵاوی بكەیتەوە كە كەمپینێكی هاوكاریم بۆ فڵان شوێن كردووە و كۆڕێكم كردووە لەسەر فڵان چەمكی دیموكراسی، بەڵكو دەبێت لەناوخۆتدا چاكسازی بكەیت و چاكسازی لەناختدا رەسەن و ئەسیل بێت و رۆژانە مومارەسەی بكەیت.

خەڵك: پێتوایە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگەكانی حزبەكەت زیاد بكات؟
د.جوان ئیحسان: من لەسەر ئەساسی زانیار قسەدەكەم، دەبێت دەزگای هەڵبژاردنی حزبەكەم پێم بڵێت كە لەناو خەڵك بارودۆخم چۆنە ئەوسا بڕیار بدەم.

خەڵك: بەڵام لە ساڵی 2009 ئەو دەزگایەی كە بەڕێزتان باسی دەكەن كەوتە هەڵەوە، پێتان وانییە كە ئەم جارەش تووشی هەمان هەڵە دەبنەوە؟
د.جوان ئیحسان: ئێستاو 2009 جیاوازە، ئەو دەزگایە باش كاردەكەن و كادرەكانی زۆر ماندوون، بەڵام خوێندنەوە لەسەر بنەمایەكی زۆر ورد دەبێت، من نازانم ئەوان چی دەخەنە بەردەستم بۆ ئەوەی من بەپێی ئەو داتایەی ئەوان قسەی خۆم بكەم.
ئێمە كە پێماندەڵێن سەركردەی ناكلاسیكی، رۆژانە ژیانی خۆمان دەكەین و دەچینە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و تەنها لەناو حزبدا پلەیەكمان هەیە و لە دەرەوە هاوڵاتییەكی ئاسایین، كە دەشچینە ناو خەڵك و ئەوەشی كە دەیبیستین بارودۆخی حزبەكەی خۆمان بەدڵ نییە.

 

 

26/11/2017
3923 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved