د.فایەق گوڵپی: كورد ناتوانێت سیاسەتی ئەمریكا بەقازانجی خۆی وەربچەرخێنێت

د.فایەق گوڵپی: كورد ناتوانێت سیاسەتی ئەمریكا بەقازانجی خۆی وەربچەرخێنێت

د.فایەق گوڵپی: كورد ناتوانێت سیاسەتی ئەمریكا بەقازانجی خۆی وەربچەرخێنێت

سازدانی- نزار جەزا

سەرۆكی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا زیاتر پەیوەندییەكی سەربازیین و ئەم هەڵبژاردنەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسییەكانی كورد ‌و ئەمریكا نابێت.

د.فایەق گوڵپی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (خەڵك) ڕایگەیاند، كێشەی كورد ئەوەیە سیاسەتێكی باشی نییە، كە كاریگەری لەسەر سیاسیەتی وڵاتانی دیكە هەبێت و وابكات سیاسەتی ئەمریكا بەقازانجی كورد وەربچەرخێت .

خەڵك: پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كورد چۆن دەبینن؟
د.فایەق گوڵپی: بەگشتی پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا پەیوەندییەكی ئاساییشی و سەربازیین، واتە ئەمریكییەكان لەو كاتەوەی كێشەی كورد هەیە، كێشەی كوردیان لەچوارچێوەی وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستاندا بینیووە، واتە پێیانوابووە گەلی كورد لەوڵاتانی عێراق و سوریا و توركیا و ئێران كۆمەڵێك مافی سنوورداری لە چارچێوەی ئەو وڵاتانەدا هەبێت.
 لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و سەرهەڵدانی داعش، پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا پێشكەوتنیان بەخۆیانەوە بینیووە، بەڵام پەیوەندییەكان سەربازیین، واتە پەیوەندییەكان لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ پێشمەرگە و گەریلان، بەشێوەیەك ئێستا دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە، بەنمونە لە2003 سەدام حسێن هەبوو و بەهاوكاری یەكتر ڕووخاندمان، بەڵام دوای ئەوە ڕێككەوتنێكی سیاسی نەبوو، ئێستاش بە هەمانشێوە دووژمنێكی هاوبەش هەیە، كە داعشە، لە ڕووی سەربازییەوە ئەمریكا پشتگیری پێشمەرگە و گەریلا دەكات، بەڵام وەك ئەوەی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ددان بەكێشەی كورددا بنێت، وەك كێشەیەكی سیاسی، تاكو ئێستا هەڵوێستی نییە.

خەڵك: ئەمڕۆ هەڵبژاردن لەئەمریكا بەڕێوەچوو و دۆناڵد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان وەك سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا، ئایا بردنەوەی كۆمارییەكان چ كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا دەبێت؟
د.فایەق گوڵپی: لەئێستادا ئەگەر ترامپ سەرۆك بێت یان كلنتن، ئەمریكا لەسەر هەمان ئەو سیاسەتە دەڕوات، كە پێشتر باسم كرد، واتە هیچ گۆڕانكارییەك لەسیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كورد ڕوو نادات.

خەڵك: كەواتە كورد لەچیدا سود وەردەگرێت؟
د.فایەق گوڵپی: ئەوەی كە ناڕاستەوخۆ كورد بتوانێت سودی لێ وەربگرێت، هەڵوێستی توندی ترامپە بەرامبەر بە تیرۆرستەكان و وڵاتانی ئیسلامی، ڕەنگە لەو مەسەلەیەدا كورد سود وەربگرێت.

خەڵك: چۆن كورد سود لەوە وەردەگرێت؟
د.فایەق گوڵپی: ئەگەر لۆبی كوردی هەبێت و واز لەحزبایەتی بێنین و كوردایەتی بكەین و كێشەی كورد لەئەمریكا بگەیەنین، بڵێین هۆكارێكی سەرەكی ناجێگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەسەلەی كوردە و تاكو ئەو مەسەلەیە چارەسەر نەكرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. كورد لە باكووری كوردستان لە توركیا و لە باشوری كوردستان لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئێران و لە ڕۆژئاوای كوردستان لە سوریا و ئەوروپا و شوێنەكانی دیكە هەیە، بۆیە ئەمە كێشەی نەتەوەیەكە و پێویستە ئەمریكا وەك وڵاتێكی زلهێز هەڵوێستی هەبێت، كە چۆن ئەم كێشەیە چارەسەربكات، ئایا چوار پارچەكە یەكبگرێتەوە، یان بەجۆرێك بێت ئەمریكا فشار لەو وڵاتانە بكات و لەچوارچێوەی ئەو وڵاتانە كورد مافی هەبێت.
كاتێك ئەمریكا لە عێراق پاشەكشەی كرد، ڕێككەوتنێكی ستراتیجییان مۆركرد، بەڵام هیچ باسی كورد لە ڕێككەوتنەكەدا نەكراوە، لەبەرئەوە مەسەلەی كورد لە بەرنامەی سیاسی ئەمریكادا نییە، بۆیە دەبێت لەمەودوا ئەمە دروستبكەین.


خەڵك: وەك خۆت وتت پەیوەندی كورد و ئەمریكا پەیوەندییەكی سەربازییە، ئایا دوای دەرچوونی كۆمارییەكان ئەم پەیوەندییە بەرەو پێش دەچێت؟
د.فایەق گوڵپی: ئەگەری هەیە زیاتر بەرەو پێشبچێت، بەڵام پێموایە پەیوەندی كورد و ئەمریكا لە ڕووی سەربازییەوە گەیشتۆتە لوتكە و ئێستا لەئاستێكدایە، كە چەكی ئەمریكی دەنێردرێت بۆ پێشمەرگە و گەریلا و هێزی ئاسمانی ئەمریكا لەناوچەكانی موسڵ ‌و ڕەقە و شارە جیاجیاكان بۆردومانی داعش دەكات، هاوكات پسپۆڕی ئەمریكی بۆ پەروەردەی سەربازی پێشمەرگە و گەریلا هەیە.
ئەگەر هەیە ئەم پەیوەندییە لە داهاتوودا بەشێوەیەك پێشبكەوێت كە ئەمریكا بنكەی سەربازی لە كوردستان بكاتەوە، بەنمونە باسی ئەوەدەكرێت لە هەولێر و كۆبانێ و رمێلان بنكەی سەربازی لێ بكرێتەوە، ئەو كاتە ئەگەر پەیوەندییە سەربازییەكان زۆر بچنە پێشەوە، ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندی سیاسی لە نێوان كورد و ئەمریكا دروست ببێت.

خەڵك: كورد بۆ چارەسەری كێشەكانی زیاتر پشت بە وڵاتانی دەرەوە دەبەستێت، ئایا كورد دەتوانێت لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە سیاسەتەكانی ئەمریكا بەقازانجی خۆی وەربچەرخێنێت؟
د.فایەق گوڵپی: كۆمارییەكان شەڕی ئەفغانستان ‌و عیراقیان كردووە، واتە كۆمارییەكان لە سیاسەتی دەرەوەیاندا زیاتر ڕادیكاڵترن و هەوڵی گۆڕانكاری لای ئەوان زیاترە وەك لە دیموكراتەكان، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە كەوتۆتە سەر كورد، كە كورد چۆن سیاسەت بكات، كێشەی كورد ئەوەیە سیاسەتێكی باشی نییە، كە كاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتانی دیكە هەبێت وابكات سیاسەتی ئەمریكا بەقازانجی كورد وەربچەرخێت، بەنمونە چەند ساڵە كورد پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا هەیە و نوێنەرمان لەئەمریكا هەیە، بەڵام ئەم نوێنەرانە نوێنەری حزب و بنەماڵەن، نوێنەری نەتەوە نین، هاوكات كێشەی ناوخۆییمان زۆر زۆرە و یەكگرتوو نین، بەشێوەیەك حزبێك لەگەڵ ئێرانە یەكێك لەگەڵ توركیا یەكێكی دیكە لەگەڵ عێراقە، حزبەكان ناكۆكییان هەیە و پەرلەمان كە مەرجەعی بڕیارە پەكخراوە و بەگوێرەی یاسا مەسعود بارزانی سەرۆك نییە و ناكۆكییەكانی لەنێوان پارچەكانی كوردستاندا هەیە و كۆمەڵێك كێشەی دیكە، هەموو ئەمانە وادەكات كورد نەتوانێت سود لەسیاسەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە وەربگرێت.
ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندییەكی هەیە، یەكەم ئاسایشی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن قاعیدە و بەرەی نوسرە و داعش هەڕەشەی لێ كراوە، دووەم ئەم ناوچەیە وزەی تێدایە و ئەمریكا دەیەوێت سود لەمانە بكات، بۆیە كورد دەبێت ئەمانە بزانێت و دەبێت بزانێت چۆن بەرژەوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ ئەمریكا نزیك بكەینەوە، ئەگەریش بەهێز و یەكگرتوو بین دەتوانین سود بكەین.

09/11/2016
4161 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved