مەلا یاسین: دەبێ‌ ئەو كۆمپانیایانەی حزب لەپشتیانە دەست بكێشنەوە

مەلا یاسین: دەبێ‌ ئەو كۆمپانیایانەی حزب لەپشتیانە دەست بكێشنەوە

مەلا یاسین: دەبێ‌ ئەو كۆمپانیایانەی حزب لەپشتیانە دەست بكێشنەوە


خەڵك- ئارام سەردار
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕەخنەی ئەوە دەگرێـت، كە 15 ساڵە یەكێتی ژورە بازرگانیەكان كۆنگرەی خۆی نەبەستوە و كەسانێك وەك حكومەت دەستیان بەكورسیەكانیانەوە گرتوە، ئاشكراشی دەكات زیاتر لە 300 هەزار هەلی كار لەكەرتی تایبەت لەدەستدراوە و 20 ملیار دۆلاریش پاشەكشە لەكەرتی تایبەت هەیە.

مەلا یاسین ؛وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان؛ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەدوای ساڵی 2014ەوە ڕۆژ بەڕۆژ لەهەرێمی كوردستان كەرتی تایبەت بەرەو لاوازی چووە، ئەمڕۆ كە لەیادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان سێهەمن كۆنفرانس بەڕێوەدچێ‌ پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو بەنجەی سەر كەرتی تایبەت كەم بكاتەوە، چونكە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكانمان و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بەتەواوەتی شكستی هێناوە و ئەمرۆ ئەو كۆنفرانسەی ئەنجام دەدرێ‌ لەهەولێر.

ڕاشیگەیاند، ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی كرد، كە 47 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان هەیە ئێستا تەنها 27 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان هەیە و نزیكەی 20 ملیار دۆلار پاشەكشەمان هەیە.

وتیشی، "370 هەزار هەلی كارمان هەبوو لەكەرتی تایبەت 300 هەزارمان لەدەستداوە و ئێستا تەنها 70 هەزار هەلی كارمان هەیە، زیاتر لە 500 كۆمپانیای گەورە و ناوەندە و بچوك لەهەرێمی كوردستان مایەپوچ بون، كەرتی بەڵێندەرایەتی هەربەتەواوەتی كەوتۆتە خوارەوە و ئێستا هیچ شتێك لەكوردستان نەماوە بەناوی ئەو كەرتەوە، ئێستاش ئەوەی گرنگە بەتایبەت ئەوانەی شارەزاییمان هەیە و توانامان هەیە راسپاردەكانی كۆنفرانس بەشێوەیەك بنوسینەوە بۆ حكومەت واقعی بێت و چیتر حكومەت و خەڵك هەڵنەخەڵەتێنین، چونكە كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان تەنها بەناو ماوە بەناوەرۆك نەماوە".

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەوانیش زۆر كەمتەرخەم ببون لەیەكێتی ژوورە بازرگانیەكان و وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و پیشەسازیەكان و هاوردەكاران، كە ئێمەش دەستمان گرتوە بەسەر كورسیەكەمان وەك حكومەت، كە ئێستا 15 ساڵە یەكێتی ژورە بازرگانیەكان كۆنگرەی خۆی نەبەستوە، كەواتە ئەگەر ئێمە گۆڕنكاری لەخۆمان نەكەین چۆن بتوانین گۆڕانكاری لەئابوری وڵاتەكەماندا بكەین.

مەلا یاسین جەختیشی لەوەكردەوە، كە ئەمڕۆ پێویستە ڕاستیەكان ئاشكرا بكرێن و ڕاسپاردەكان واقعیانەبن، بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێ‌ كەس دەیانەوێ‌ كۆنفرانسەكە بەرەو ئاقارێك بەرن، كە حكومەت و هەندێ‌ لەحزبە باڵادەستەكانی هەرێم لەخۆیان ڕازی بكەن، كە ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، بەڵكو دەبێ‌ ئەو شارەزا و پسۆڕانەی هاتون واقعی دارایی هەرێمی كوردستانیان پێ نیشان بدەین بۆ ئەوەی پێشنیاریەكانیان بەپێی ئەو واقعە دەرببڕن.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیاری ئەوەش دەكات، لەم كۆنفرانسەدا هەندێ‌ لەكۆمپانیا گەورەكان، كە دەستی حزبیان لەپشتەوەیە دەست بكێشنەوە لەئابوری هەرێمی كوردستان، چونكە زیانی زۆریان هەیە بۆ ئابوری هەرێمی كوردستان، وتیشی: "داواش دەكەم كۆنفرانس داوا بكات، كە هەندێ‌ خەڵك هەیە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە پۆستیان هەیە دەست بكێشنەوە لەحكومەتی هەرێم، چونكە دوو ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و ئابوری، كە پەكیان كەوتوە دەبێ‌ پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان پێداچونەوەی پێدا بكەن ئەگەر ئەوە نەكەن هەزار كۆنفرانسیش بكەین سودی نابێت".

09/10/2016
1976 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved