یەكگرتوو پشتیوانی بۆ توركیا راگەیاند<BR> ئەردۆگان یەكگرتووی ئیسلامی دووچاری قەیرانی نێوخۆیی دەكاتەوە

یەكگرتوو پشتیوانی بۆ توركیا راگەیاند
ئەردۆگان یەكگرتووی ئیسلامی دووچاری قەیرانی نێوخۆیی دەكاتەوە

یەكگرتوو پشتیوانی بۆ توركیا راگەیاند<BR> ئەردۆگان یەكگرتووی ئیسلامی دووچاری قەیرانی نێوخۆیی دەكاتەوە


    خەڵك- بەشی هەواڵ

 هەرچەندە یەكگرتووی ئیسلامی خۆی بە حزبێكی رەسەنی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان و بەرەی گەل نیشان دەدات، بەڵام لەم چەند ساڵەی رابردوودا و لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێی هەرێمی و مەزهەبی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی پشتیوانی لە رێكخراوی ئیخوان موسلیمین و سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیا یەكگرتوو كەوتووەتە نێوان بەرداشی جەماوەری بوونی و وابەستەبوونی بە سیاسەتەكانی توركیاوە، ئەمەش دووچاری كێشە و قەیران و دابەشبوونی نێوخۆیی كردووە.

پشتیوانی سیاسەتەكانی پارتی
ئێستا بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان حكومڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستانە، بەشی زۆری هۆكاری قەیرانەكان دەخرێنە ئەستۆی ئەم حزبە، بەڵام لە زۆر هەنگاودا یەكگرتوو پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پارتی كردووە، ئەمەش بە ڕای چاودێران لە ژێر فشاری توركیادا بووە، لەگرنگترین ئەم هەنگاوانەش رێگری بوو لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە 2015دا.

دابەشبوونە نێوخۆییەكان
بەهۆی گیرخواردنی یەكگرتوو لە نێوان پابەندبوونی بە سیاسەتی سوننە، ئیخوان، توركیا و داواكاری جەماوەری كوردستاندا بەردەوام ئەم حزبە لە نێو خۆیدا دابەش بووە.

بەشێك لە سەركردەكانی یەكگرتوو بەتایبەت ئەوانەی سنووری ناوچەی سەوز زیاتر بەلای جەماوەر بوون، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی یەكگرتوو و زانا ئاینییەكانیان بەتایبەت عەلی قەرەداغی سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان پشتگیری تەواو لە توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا بێدەنگن بەرامبەر تاوانەكانی توركیا لە باكور و باشوور و رۆژئاوای كوردستان و قەیرانە نێوخۆییەكانی هەرێم.

یەكگرتووەكانی بادینان و سلێمانی
هەروەها لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئابی 2015 فراكسیۆنی یەكگرتوو دابەشبوو بۆ دوو بەرە، كە بەرەكی 5 ئەندامی خەڵكی سنووری ناوچەی سەوز لەگەڵ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوون و 5 ئەندامەكەی دیكەی ناوچەی زەرد بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان لە بەرژەوەندی پارتی نەكرد و شكستیان بە پرۆژەكە هێنا.

لەلایەكی دیكەوە دابەشبوونی یەكگرتووەكانی ناوچەی بادینان و ناوچەی سلێمانی نەشاردراوەتەوە ، كە بە دوو ئاڕاستە كار دەكەن و زۆر جار كێشەكانیان گەیشتووەتە میدیاكان.

بەشێك لە چاودێران دەڵێن، یەكگرتووەكانی ناوچەی بادینان بە تەواوەتی خۆیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلایی كردووەتەوە و بەشێك لەوانەی ناوچەی سەوز خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن و نزیك لە گۆڕان نیشان دەدەن و بەشێك بەبێ لایەنی ماونەتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دیندار دۆسكی ساڵی رابردوو یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكگرتوو دەستی لە حزبەكەی كێشایەوە و بەدوای ئەوەی بەرگریكارێكی سەرسەختی سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پێشتر عەبدولڕەحمان سدیق دەستی لەكاركێشابووە و بەنزیك لە پارتی هەژمار دەكرێت.

چاودێران پێیانوایە، نزیكبوونەوەی یەكگرتوو لە پارتی لە ژێر فشاری توركیا و سوننەكاندایە، بەو پێیەی پارتی لە بەرەی ئەواندایە و یەكگرتوو ناتوانێ خۆی لەم بەرەیە دوور بخاتەوە.

دابەشبوونی فراكسیۆنی یەكگرتوو
مشتومڕی نێوان ئەنكەرە و بەغدا و هەولێر لە سەر بوونی سەربازی توركیا لە عێراق جارێكی دیكە یەكگرتووی خستەوە نێو قەیرانی دووبەرەیی و دوو راییەوە.

دوێنێ فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، بزوتنەوە، شیوعی لە بەیاننامەیەكدا داوای كشانەوەی سوپای توركیایان لە خاكی عێراق كرد.

بە پێی سەرچاوەیەك لە نێو فراكسیۆنی یەكگرتوو دوو رایی دروست بووە لە واژووكردنی بەیاننامەكە یان پێشتر بەنیاز بوو بەشدار بن، بەڵام دواتر بە فەرمانی سەركردایەتی بەشدارییان نەكردووە.

سەڵاحەدین بەهادین: بەشداریكردنی سوپای توركیا لەشەڕی موسڵ پێویستە
لای خۆشیەوە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەشداریكردنی سووپای توركیای لە شەڕی موسڵ بە پێویست زانی بوو.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە دیمانەیەكیدا لە گەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵدا، باس لە شێوازی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر، لەسەر پڕۆسەی رزگاركردنەوەی موسڵ دەكات و، پێیوایە ناكرێت توركیا لە پڕۆسەی رزگاركردنەوەی موسڵدا بسڕدرێتەوە.

سەڵاحەدین بەهادین، دوای ئەوەی لە گەڵ شاندێكی هەرێم بەسەرۆكایەتی مسعودبارزانی سەردانی بەغدای كرد، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند “لە كۆبوونەوەكان وابڕیاردرا كە لە كاتی هێرشەكاندا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، نەچنە ناو سەنتەری شارەكەوە و لە دەرەوەی موسڵ بمێننەوە، لە بەرامبەردا سوپای عێراق و حەشدی وەتەنی بچنە ناو سەنتەری شارەكە”.

سەڵاحەددین بەهادین، سەبارەت بە پێویست بوونی سوپای توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، گوتی :توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە و ناكرێت لە هەموو شتێك دەستی نەبێت لە ناوچەكەدا و لەوەدا بیسڕیتەوە، بەڵام شێوازی بەشداری كردنەكەشی لە شەڕەكەدا، پێویستە بە لێكتێگەیشتن و بە خۆشی بێت، هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە، راستە توركیا پێشوەختە لەم هاوپەیمانیەتیەدا نەبوو، بەڵام ماوەیەكە چووەتە ناو هاوپەیمانیەتیەكە و بە رەزامەندی ناتۆ و ئەمریكا و لایەنەكانی تریش چووە ناو سووریا، مانای وایە توركیا سیاسەتی گۆڕی لە بابەتی چوونە ناو شەڕەكانی داعش.

لای خۆشیەوە عەلی قەرەداغی ئەمینداری یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان و یەكێك لە بەرگریكارە سەرسەختەكانی توركیا داوای كردووە كە میلیشیاكانی عێراق بەشداری شەڕی موسڵ نەكەن، بێ ئەوەی باس لە توركیا بكات.

09/10/2016
2404 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved