پەرلەمانتارێکی پارتی: لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق ھیچ بەھایەکی نییە

پەرلەمانتارێکی پارتی: لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق ھیچ بەھایەکی نییە

پەرلەمانتارێکی پارتی: لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق ھیچ بەھایەکی نییە

خەڵک-

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو لیژنەی بۆ سەردانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەبوونی موچە دروست کراوە، ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە حکومەتی عێراق موچەی بڕیوە و داھاتی ھەرێمیش کەمە، بۆیە پێویست بە لیژنە ناکات، بەڵام ''گۆڕان دەیەوێت بەغدامان لێ بکاتە باوان و لێمانی بکاتە کوێخا."

نەجیبە نەجیب ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی ئابوری‌ و وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی رەسمیی حزبەکەی راگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا باس لە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کرا؛ قسەی ناڕەوای زۆریان کرد؛ لەوانە دروستکردنی لیژنەیەک بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێم بکات و لێ بکۆڵێتەوە! ھەرێم، بۆ خۆی پەرلەمان و حکومەتی ھەیە و پێویستی بەو لیژنەیە نییە."

ئەوەشی راگەیاندووە: پەرلەمانی عێراق یاسای دەرکردووە کە پێویستە حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات، کەچی جێبەجێی ناکەن، جا وەرە خۆیان موچەکەیان لە کوردستان بڕیوە و خۆیشیان لێی دێنە دەنگ! سەیرە چۆن ئێستا باس لە نەبوونی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن!

نەجیبە نەجیب ئاماژەی بەوەش کردووە: "من خۆم لە کاتی گفتوگۆکردن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسم لەوەکرد گەر پەرلەمان بتوانێ کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر بکات ئەمە دەبێتە مێژوویی، بەڵام بڕوا ناکەم؛ لەبەر ئەوەی لە مانگی (3) وە داوام کردووە سەرۆک وەزیران بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکرێت کوا پشکی ھەرێم لە سەنەدی خەزێنە و قەرزی نێودەوڵەتی؟ بەڵام ئامادە نییە بێت و داواکارییەکەمان جێبەجێ بکات."

ئەوەشی خستۆتە ڕوو: ئەو لیژنەیە ھیچ بەھایەکی نییە، لیژنە ئەگەر لیژنە بێ دەشێ بەر لە هەموو شتێک باسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات کە چۆن حکومەتی عێراق گلی داوەتەوە و نایدات، بڕوا ناکەم ئەو لیژنەیە هیچی پێ بکرێت، دیارە داھاتی ھەرێمی کوردستان زۆر ڕوون و ئاشکرایە و نەبوونی موچەکەیش لەبەر کەم‌داهاتییە و هیچی تر.''

لە کۆتاییدا دەڵێت: "گۆڕان دەیەوێت بەغدا بکاتە مەرجەع و بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بیکاتە کوێخا، گەرنا بەغدا خۆی موچەی ھەرێمی بڕیوە."

د. ح.

24/09/2016
1744 جار بینراوە‌‌