هەموو شتێك لەسەر دووپشك

هەموو شتێك لەسەر دووپشك

هەموو شتێك لەسەر دووپشك

 

خەڵك- بەشی هەواڵ
دووپشك سەر بە خێزانی خشۆكەكانە و 430 ملیۆن ساڵە لەسەر زەوی دەژی. ئەم گیاندارە مەترسیدارە زانایان پۆلێنیان كردووە بۆ 13 خێزان و نزیكەی 1750 جۆر، لەو ژمارەیەش تەنها 40 جۆریان زۆر مەترسیدارن و رەنگە مرۆڤ بكوژن.

دووپشك خاوەنی 8 قاچ و كلكێكی چەماوەیە و ژەهرەكەی لە كلكیدا كۆدەكاتەوە و بەرامبەر نەیارەكانی بەكاریدەهێنێت، لە هەموو ناوچەكانی گۆی زەویدا بڵاوبوەتەوە تەنها خولگەكانی گۆی زەوی نەبێت، پێشتریش لە بەریتانیا و چەند دورگەیەكی نزیك زەریای ئەتڵەسی نەبوون، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی بازرگانییەوە گەیەندراونەتە ئەو شوێنانەیش.

بەگشتی دووپشك لە نێوان پلەكانی گەرمای 20 تا 37 دا دەژی، بەڵام هەندێك جۆری لەم رێسایە دەچنە دەرەوە، بۆ نمونە لە هەندێك لە بیایانەدا شەوان پلەكانی گەرما دادەبەزێت بۆ ژێر سفر و لە هەندێك لە ناوچەكانی توركمانستان و ئەوروپای خۆرهەڵاتدا دەتوانن تا 13 پلەی ژێر سفر بمێننەوە.

دووپشكەكان وەك زۆربەی گیانلەبەرەكانی دیكە لەرێگەی سێكسەوە زاوزێ‌ دەكەن، لە رێگەی بۆنەوە یەكتر دەدۆزنەوە. سەرەتا نێرە و مێیەكان بە سەماكردن دەست پێدەكەن و پاشان نێرەكە دەگەڕێت شوێنێكی ئارام دەدۆزێتەوە و دواتر پێكەوە سێكس دەكەن، پرۆسەكەیش لە كاتژمێرێك تا 24 كاتژمێر دەخایەنێت.

دوای پرۆسەكە تا ماوەیەك پێكەوە دەمێننەوە و ئیتر ئەوانیش جیادەبنەوە و پاش ماوەیەك زاوێ‌ دەست پێدەكات و دووپشكە مێیەكە لە نێوان 1 تا 100 بێچووی دەبێت. دووپشكە كۆرپەكەكان یەك لە دوای یەك لە دایك دەبن و دەچنەسەر پشتی دایكیان تا گەورەتر دەبن و ماوەی كۆرپەی ئەوان كەمتر لە پێنج مانگ دەخایەنێت و گەورە دەبن. ژمارەیەكی زۆر كەمیان گەورە دەبن و لە كۆرپەلەی و قۆناغی دواتردا لەناو دەچن.

زانایان تەمەنی دووپشكی پێگەیشتوو لە نێوان 1 تا 10 ساڵدا دەخەمڵێنن و چەند جۆرێكی تریشیان تەمەنیان زیاترە و دەگەنە 25 ساڵ، ئەوەیش بەپێی كەش و هەواو جۆرەكەی.
ئ.ع

24/09/2016
7132 جار بینراوە‌‌