ئیدارەی كەركوك هەڵمەتی دەركردنی ئاوارەكانی دەست پێكرد

ئیدارەی كەركوك هەڵمەتی دەركردنی ئاوارەكانی دەست پێكرد

ئیدارەی كەركوك هەڵمەتی دەركردنی ئاوارەكانی دەست پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

شەوی ڕابردوو بەدەیان خێزانی ئاوارەی نیشتەجێ‌ی نێو كامپەكانی كەركوک لەلایەن ئیدارەی ئەو پارێزگایەوە دەركران، بەبیانوی چۆڵكردنی كامپەكان و ئامادەكاری كردن بۆ وەرگرتنی ئاوارەی شەری حەویجە، كەدواتر خێزانە ئاوارە دەركراوەكان لەكامپەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان جێیانكرایەوە.

ئەفراسیاو محەمەد، بەرێوەبەری كامپی تازەدێ‌ی نزیک قەزای كەلار، ئاماژەی بەوەكرد ئەو خێزانە ئاوارانەی روویان لەسنوری گەرمیان كردووە پێشتر لەكامپی لەیلانی كەركوک بوون، وتیشی: "ئیدارەی كەركوک پێیانوتوون ئامادەكاری دەكەن بۆ وەرگرتنی ئاوارەی حەویجە ، بۆیە لەكامپی لەیلان دەریانكردون".

ئەو ئاوارانەی لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە دەركران و لەگەرمیان جێیانكرایەوە ، لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای دیالەن كە ناوچەكانیان لەژێر كۆنترۆڵی گروپە میلیشیا شیعەكاندایە و ناوێرن بگەرێنەوە.

بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی كامپی ئاوارەكان لە ئیدارەی گەرمیان، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، ئەو ئاوارانەی هاتونەتە سنوری گەرمیان لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە دەركراون، بەبیانوی ناوچەكانیان ئارامە و كەمپەكان بۆ ئاوارەكانی شەڕی حەویجە چۆڵ بكەن.

وتیشی: "ئەو ئاوارانە لەترسی میلیشیا شیعەكان ناوێرن بگەرێنەوە بۆ پارێزگای دیالە بۆیە ئێمە لەكامپەكان جێمانكردونەتەوە".

دەركردنی خێزانە ئاوارەكانی دیالە لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە لەكاتێكدایە پێشتر ئیدارە و ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە بریاری ناردنەوەی ئەو ئاوارانەیان دابوو، كەناوچەكانیان ئازادكراوە و لەبن دەستی داعش دەرهێنراوە.
ه.ع

24/09/2016
1977 جار بینراوە‌‌