عەلی قەرەداغی باسی دزە گەورەكان دەكات

عەلی قەرەداغی باسی دزە گەورەكان دەكات

عەلی قەرەداغی باسی دزە گەورەكان دەكات

خەڵك ــ بەشی هەواڵ 
ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕایدەگەیەنێت: لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئێستا مسوڵمانان تاوانە گەورەكانیان بچوك كردۆتەوەو تاوانە بچوكەكانیان گەورە كردووە.
د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، و سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد، لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندوو "لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئێستا مسوڵمانان تاوانە گەورەكانیان بچوك كردۆتەوەو تاوانە بچوكەكانیان گەورە كردووە، ئەوانەی كە دزی گەورەن پشت گوێ‌ دەخرێن، بەڵام ئەوانەی كە شتێكی بچوك دەدزن دەدرێنە دادگاو حوكم دەدرێن".

دەشڵێت "لە سەردەمی پێغەمبەردا ژنێكی عەشیرەتی مەخزومی دزیەكی لێ‌ ئاشكرا بوو،  مەخزومیەكانیش پێگەیەكی گەورەیان لەناو قوڕەیشدا هەبوو، عائیشە دەڵێت مەخزومی زۆر بە تەنگ ئەمەوە بوون، بۆ ئەم مەبەستە ئوسامەی كوڕی زەیدیان راسپارد، چونكی پێغەمبەری خوا زۆری خۆشدەویست بۆ ئەوەی شەفاعەتیان بۆ بكات. ئەویش چوو بۆلای پێغەمبەر و سەلامی لێكرد و پاشان باسی مەسەلەكەی بۆ كرد".

ڕونیدەكاتەوە "بەڵام پێغەمبەر رەنگی دەمووچاوی تێك چوو بە توڕەییەوە وتی: ئایا تۆ دەتەوێت شەفاعەت بۆ یەكێك بكەیت كە رێگربێت لە چەسپاندنی سزایەك كە خوا دایناوە؟ پاشان هەستایە سەرپێ‌ و وتی: ئەوانەی لەپێش ئێوەوە بوون بەوە تیاچوون، ئەگەر یەكێكی خاوەن پلەو پایە دزی بكردایە وازیان لێ‌ دەهێنا، بەڵام ئەگەر یەكێكی بێ‌ كەس و لاواز دزی بكردایە سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ‌ دەكرد، سوێند بەخوا ئەگەر فاتیمەی كچی محمد دزی بكات دەستی دەبڕم".

24/09/2016
1561 جار بینراوە‌‌