حكومەت بڕیارێكی نوێ‌ لەبارەی موچەی كەمئەندامانەوە دەردەكات

حكومەت بڕیارێكی نوێ‌ لەبارەی موچەی كەمئەندامانەوە دەردەكات

حكومەت بڕیارێكی نوێ‌ لەبارەی موچەی كەمئەندامانەوە دەردەكات


گەرمیان – شەرمین عەلی

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، ئەو كەمئەندامانەی كە بەهۆی ئەوەی ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان لە (65%) كەمتر بوو موچەكانیان بڕدرا، موچەكانیان بۆ گەڕێنراوەتەوە، بەڵام بە كەمكراوەیی.

دەروون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی گەرمیان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاردرا بە بڕینی موچەی ئەو كەمئەندامانەی، كە ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان لە (65%) كەمترە، لەئێستادا بڕیارێكی تر دەركراوە، بەوەی لیستی ناوی سەرجەم كەمئەندامان ئاراستەی گەنجینەكان بكرێت بۆ خەرج كردنی موچە بۆیان.

وتیشی: بەپێی ئەو بڕیارە موچەی كەمئەندامان كەمكراوەتەوە، بەجۆرێك بڕی موچەی كەمئەندامانی یەك موچە لە (150) هەزار دینارەوە بۆ (89)هەزار و (500) دینار و موچەی كەمئەندامانی دوو موچەش لە سەد هەزار دینارەوە بۆ (59) هەزار و (500) دینار كەمكراوەتەوە.

دەروون عومەر ئەوەشی خستەڕوو، "بەو جۆرەی كە داواكراوە، لیستی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵی كەمئەندامانمان ئاراستەی گەنجینەی گەرمیان كردووە بۆ خەرج كردنی، بەڵام خەرج كردنەكەی دەكەوێتە سەر ووردبینی كردنی گەنجینە".

ڕونیشی كردەوە، پێدانی موچەی كەمئەندامان بەو شێوازە بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی پشكنینی پزیشكی و دیاری كردنی ڕێژەی كەمئەندامی كەمئەندامان تەواو دەبێت، ئەوكات حكومەت بڕیارێكی نوێ‌ لەبارەی بڕی موچەی كەمئەندامانەوە دەردەكات.

10/06/2016
801 جار بینراوە‌‌